"ئێمە مۆڕاڵمان لەوان وەردەگرت"
وەک کارمەندی تەندروستی چووە رۆژئاوای کوردستان بەڵام چەکی هەڵگرت
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
بارزان حەمە کەریم دکتۆرە و وەک خۆبەخش چووەتە رۆژئاوای کوردستان، بەڵام بە گەیشتنی چەکی هەڵگرتووە و شانبەشانی شەڕڤانان دژی گروپە چەکدارەکان و سوپای عەرەبی سوریا جەنگاوە.
بارزان قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “من وەک کارمەندی تەندروستی چووەمە رۆژئاوای کوردستان، بەڵام کە چووینە ئەوێ وتمان لە کوێ پێویست دەکات خزمەت دەکەین، لەبەر ئەوەی لە ریزەکانی پێشەوەی شەڕبووین، چەکم هەڵگرت”.
“ئیرادە و مۆڕاڵی شەڕڤانان و خەڵکی رۆژئاوای کوردستان زۆر بەرزبوو، ئێمە مۆڕاڵمان لەوانەوە وەردەگرت”، بارزان حەمەکەریم وادەڵێت.
باسی لەوەشکرد کە ئەو کوڕ و کچە گەنجانەی لە رۆژئاوای کوردستان چەکیان هەڵگرتووە، بەدڵ و گیان خەبات دەکەن و منەت بەسەر کەسدا ناکەن.
بارزان دیمەنی ناخهەژێن و دڵتەزێنی زۆر بینیوە و دەڵێت، “کاتێک کوڕێکی گەنج دەبینی، دەڵێت، باوکم شەهید بووە، چۆن دڵت پڕ نابێ، لەناو بازاڕیش زۆر کەسمان بینی کە دەیانوت، دوو برام شەهیدە، خوشکێکم شەهیدە، ئێمە دڵمان پڕ دەبوو، بەڵام ئەوان زۆر بە ئیرادە و گوڕ و تینەوە قسەیان دەکرد”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری