له به‌رده‌ڕه‌ش پیاوێك دوای ده‌رزیلێدان گیانی له‌ده‌ستداوە
964+
زەید کۆچەر – بەردەڕەش
پیاوێکی ته‌مه‌ن 65 ساڵ لە سەنتەری قەزای بەردەڕه‌ش، دوای ئه‌وه‌ی له یه‌كێك له ده‌رمانخانه‌كان ده‌رزییه‌كی لێدراوه، گیانی لە دەست داوه و په‌رستاره‌كه‌ش ده‌ستگیر كراوه.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 9.3.2023 پیاوێک بە ناوی “محه‌مه‌د ئەمین” دوای ئەوەی خۆی و هاوسەرەکەی دەڕۆن بۆ یەکێک لە ده‌رمانخانه‌كانی سەنتەری قەزای بەردەڕەش و دەرزی لێبدات، دوای لێدانی ده‌رزییه‌كه دووچاری ته‌نگه‌نه‌فه‌سی بووه و دواتر گیانی له‌ده‌ست داوه.
پیاوەکە تەمەن 65 ساڵە و خێزاندارە و نۆ منداڵیشی هەیە، دانیشتووی قەزای بەردەڕەشە.
ئیسماعیل محه‌مەد ئەمین، کوڕی ئه‌و پیاوه‌یه كۆچی دوایی كردووه و بۆ تۆڕی 964 به تایبه‌ت قسه‌ی كرد و وتی، “باوکم پێشتر نەخۆشی تەنگەنەفەسی هەبووە و ئەمە رۆژی دووەمە، کە ئەم جۆرە دەرزییە وه‌رده‌گرێت، بەڵام ئەمڕۆ دوای وه‌رگرتنی ده‌رزییه‌وه لە هۆش خۆی چووه و گیانی سپاردووه”.
وتیشی، “ئێمە لە دوای پزیشکی داد، سکاڵا لەسه‌ر په‌رستاره‌كه تۆمار ناکەین و خۆم ده‌چم ئازادی ده‌كه‌م و هیچمان به‌رامبه‌ر ئه‌و نییه، ئه‌مه قه‌زا و قه‌ده‌ره”.
“مردنی باوکم بەهۆی دەرزی نەبووە، چونکە دەرزییەکە (ئەمۆکسیلین) بووە و باوکم خۆی دەرزییەکەی بردووە بۆ په‌رستاره‌كه”، ئیسماعیل محه‌مه‌د ئه‌مین وای وت.
ئەم قسانه‌ی ئیسماعیل له دوای ئه‌وه دێت، دوای مردنی باوكی، په‌رستاره‌كه ده‌ستگیر كراوه.
محەمەد ئەمینی كۆچكردوو خەڵکی گوندی خرابەواشە و دانیشتووی قەزای بەردەڕەش بوو، تەرمەکەشی لە گونده‌كه‌ی خۆی به خاك سپێردرا .
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا