وانەیەکى پراکتیکى جیاواز
قوتابخانەیەک دەچێتە بۆشایی ئاسمان و قوتابییەکان دەبنە هەسارە
964+
وریا فەتاح
لە وانەیەکی جیاواز و داهێنەرانەدا، مامۆستایەکی قوتابخانەی شەروێت لە سنووری ژاراوە، وانەی “کۆمەڵەی خۆر”ی لە تیۆرییەوە کردە پراکتیکی و گۆڕەپانی قوتابخانەکەی کردە بۆشایی ئاسمان.
وەک لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت، مامۆستا هێرۆ فەتاح کە مامۆستاى وانەى کۆمەڵایەتى قوتابخانەکەیە، رۆڵی بەسەر قوتابییەکاندا دابەشکردووە؛ قوتابییەک بووەتە “خۆر” و قوتابییەکانی دیکەش بەپێی ریزبەندی بوونەتە هەسارەکانى کۆمەڵەى خۆر وەک (مەریخ، زەوی، موشتەری و هەسارەکانی دیکە).
ئەوەى جێگەى سەرنجە، قوتابییەکان وەک هەسارە،بە هەمان شێوەی زانستی و بە خێرایی جیاواز بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە.
وەک مامۆستاکە بۆ 964 باسى دەکات، ئەم شێوازە وانەوتنەوەیە سەرنجی قوتابییەکانی راکێشاوە و وایکردووە بە ئاسانی لە جووڵەی هەسارەکان تێبگەن، لەبری ئەوەی تەنیا لەسەر کتێب و وێنەکان بیبینن، خۆیان دەبنە بەشێک لە گەردوون.