"(خودا) دروستکەری هەموو شتەکانە"
ئەنجومەنی باڵای ئێزدی روونکردنەوە لەبارەی “خۆر” لەناو ئایینەکەیان بڵاودەکاتەوە
964+
فەرهاد حەسەن
ئەنجومەنی باڵای ئایینی ئێزیدی روونکردنەوەیەکی لەبارەی “خۆر” لەناو ئایینەکەیان بڵاوکردووەتەوە و راو و بۆچوونی هەندێک لە ئێزیدییەکانیش رەتدەکاتەوە کە کە لە رووی ئیمانەوە “خۆر” وەکو پیرۆزییەکە رەها باسدەکەن.
ئەنجوومەنەکە دەڵێت “دەمانەوێت پەیوەندی نێوان ئێزیدییەکان و خۆر روون بکەینەوە، بە لەبەرچاوگرتنی بەربڵاوی هەندێک دەربڕین کە رەنگە بە هەڵە تێبگەن، سەرەڕای نیازپاکی ئەو کەسانەی کە بەکاریان دەهێنن و شانازی بە ناسنامەی ئێزیدی خۆیانەوە دەکەن”.
ئەنجومەنی باڵای ئێزدی لەم سێ خاڵدا ئەم بابەتەی روونکردووەتەوە؛
یەکەم: سەبارەت بە بەکارهێنانی دەربڕینی “نەوەکانی خۆر”.
بەشێک لە ئەندامانی کۆمەڵگەی ئێزیدی لە شانازی بە ناسنامەی ئایینی و کولتوورییەوە دەربڕینی “نەوەکانی خۆر” بەکاردەهێنن، هەروەها بۆ دەربڕینی پەیوەندییەکی رەمزی بە بەهاکانی رووناکی و درەوشاوەییەوە، لە کاتێکدا ئەنجومەن ئەم پاڵنەرە هەستیارانە بەرز دەنرخێنێت، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم وەسفە لەگەڵ وردبینی ئیمانیی ئێزدی یەکناگرێتەوە، بەو پێیەی باوەڕی ئێزیدی لەسەر ئەو باوەڕە دامەزراوە کە (خودا) دروستکەری هەموو شتەکانە.
بۆیە پێشنیار دەکەین دووربکەونەوە لەم دەربڕینە و لە شوێنیدا دەربڕینگەلێک کە زیاتر هاوتەریب بن لەگەڵ ئیماندا، بەکەربهێنن وەکو: “ئێزدییەکان وەک خۆر درەوشاوەن”، یاخود “ئێزدییەکان مرۆڤی ڕووناکیین”.
دووەم: رێزگرتن لە خۆر بە مانای پەرستنی نییە.
لە ئێزدیایەتیدا، خۆر شتێکی پەرستراو نییە، بەڵکو وەک هێمای رووناکی ئیلاهی و دەرکەوتنی هێزی خالق ڕێزی لێدەگیرێت.
وەستانی ئێزدییەکان لەکاتی نوێژکردن بە رووی خۆردا، بەتایبەتیش کاتێک لە لالش دوورن، ئاماژەیەکی رەمزییە بەرامبەر بە رووناکی، نەک گەورەکردنی خودی خۆر بێت.
ئەوەش رەتدەکەینەوە، کە هەندێک کەسایه تی و لێکۆڵەری ئایینی ئێزدی مۆدێرن که هەندێک کەسایەتی بە “پیرۆز” یاخود “پیرۆزکراو” وەسفدەکه ن، چونکە ئەم دەربڕین و بەکارهێنانە نامۆیه به عەقیدە و ئیمان لەلای ئێزدییەکانەوە و دەیانەوێت چەمکی بیانی بخەنه ناو میراتی ئایینیمانەکەمانەوه .
سێیەم: پەیوەندی ئێزدییەکان لەگەڵ خۆر، رەمزی و رۆحییە و ئەویش لەسەر سێ بنەما دامەزراوە:
– خۆر نوێنەرایەتی رووناکی خودایی دەکات لە جیهانی فیزیکیدا.
– بە شێوەیەکی رەمزی بە یەکێک لە حەوت فریشتەکانی رووناکی پەیوەستکراوە.
– وەک قیبلەیەکی رەمزی لەکاتی نوێژ و دوعاکردن بەکاردێت کاتێک دوور بن لە پەرستگای لالش.