"کەسانێک سەگی بێلانەیان ژەهرخوارد کردووە"
کاری لیژنەکانی گرتنی سەگی بێلانە لە تەواوی کەرکوک تا کاتێکی نادیار راگیرا
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
قائیمقامیەتی کەرکوک بە بڕیاری پارێزگاری کەرکوک کاری لیژنەکانی گرتنی سەگی بێلانەی لە تەواوی کەرکوک تا کاتێکی نادیار راگرت.
فەلاح یایچی قائیمقامی کەرکوک بە 964ـی وت، رۆژی پێنج شەممە بە نوسراوێکی فەرمی لە لایەن پارێزگاری کەرکوکەوە ئاگادارکراینەوە، کە کاری لیژنەکانی نەهێشتنی سەگی بێلانە بە شێوەیەکی کاتی رابگیرێت، ئێمەش لای خۆمانەوە سەرجەم لیژنەکان و نەخۆشخانە ڤێتێرنەری فێرکاریەکانی کەرکوکمان لەو بڕیارە ئاگادارکردەوە، کە کارەکانیان بوەستێنن، هەرکات بڕیارێکی نوێ دەرچوو ئاگادار دەکرێنە دەست بەکارەکانیان بکەنەوە.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری فێرکاری کەرکوک بۆ 964 وتی، کەسانێک هەستاون بە ژەهرخوارکرنی سەگی بێلانە ئەوەش وای کرد، پارێزگاری کەرکوک بڕیار بدات هەرکەسێک سەگی بێلانە ژەهرخوارد بکات، یان هەر کلینیکی ڤێتێرنەریەک ژەهر بفرۆشێت دووچاری سزای یاسایی دەبێتەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر