بەهۆی كاریگەری دابارینەوە داڕمابوو

رێگەی قەرەسرد لە قەزای دوكان كرایەوە

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

بەهۆی كاریگەری دابارینەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە بەشێك لە شاخی قەرەسرد بەدیوی ناحیەی بنگرد داڕما و بەڕێوەبەری ناحیەی بنگردیش دەڵێت، “تیمەكانیان بەكاتی رێگەكەیان پاكردووەتەوە و ئێستا هاتوچۆ ئاساییە، بەڵام هێشتا تاشە بەردێک لەسەر رێگەکە ماوە و ناتوانین لایبدەین”

رێگەی لۆفەكانی قەرەسرد، دەكەوێتە نێوان قەزای دوكان و ناحیەی بنگرد، پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین بەیەكەوە دەبەستێتەوە.

محەمەد عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ناحیەی بنگرد بە 964ـی وت، رێگەكە بەهۆی دابارینی زۆرەوە داڕماوە و یەكەم جاریش نییە لەئاستی ئەو شوێنە دادەڕمێت، بەڵام ئەمجارە بەتەواوی رێگەی هاتوچۆی قفڵ كردبوو، چونكە لەگەڵ خۆیدا تاشەبەردێكی گەورەی هێناوەتە خوارەوە.

وتیشی، تیمەكانی رێگەوبانی بنگرد و دوكانیش چوونەتە شوێنەكە و كەمێك لەمەوبەر رێگەكەیان پاككردووەتەوە، تەنیا تاشەبەردێكی گەورە لەسەر رێگەكە ماوە، ئەوەش بە ئامێرەكانی سنوورەكەی ئێمە ناكرێت و داوامان كردووە لە سلێمانییەوە شۆفڵی زنجیرمان بۆ بنێرن.

بەڕێوەبەری ناحیەكە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو تاشە بەردە یان دەبێت بە شۆفڵی زنجیر لاببرێت، یان ئەوەتا دەبێت بتەقێنرێتەوە، چونكە زۆر گەورەیە و بەئاسانی لانابرێت، بەهۆی پشووی كۆتایی هەفتەشەوە لابردنی دەكەوێتە رۆژی یەكشەممەوە و ئەوكاتە لە سلێمانییەوە تیمەكانی رێگەوبانی سلێمانی دەگەنە شوێنەكە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

پێنج رێگەی سەرەکی لە سنووری راپەڕین داخران

پێنج رێگەی سەرەکی لە سنووری راپەڕین داخران