چەند حاجییەكی کوردستان لە كاتی ئەنجامدانی فەریزەی حەجدا - فۆتۆ: ئەرشیفی 964
بڕیاری سعودیەیە
ئەمساڵ پاسەکان تا مەککە دەچن و چوونی وشکانیش کەمدەکرێتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
بە رێژەی 10% پێدانی ڤیزە بە هەڵگرانی پاسپۆڕتی عێراقی بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج لە رێگەی وشكانییەوە كەم دەکرێتەوە و دەخرێتە سەر رێگای ئاسمانیی.
ئەمە بڕیاری وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیەیە.
لە راگەیەندراوی وەزارەتەکە کە 964 بینوویەتی دەڵێ، پێدانی دەرفەتی حەج بە هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی بە رێگەی وشكانی بە رێژەی 10% كەم دەكرێتەوە، ئەم كەمبوونەوەیەش دەخرێتە سەر رێگەی ئاسمانیی.
وەزارەتەکە ئەو بڕیارە بۆ سەلامەتی گیانی حاجییان گەڕاندووەتەوە، هەروەک بۆ ئەمساڵ بڕیاردراوە حاجییانی عێراقی بە پاسی عێراقی تا شاری مەككە بگەیەندرێن، بەڵام لەوێ سواری پاسی سعودی بكرێن و بگوازرێنەوە بۆ شوێنە ئایینی و پیرۆزەكان.
لە پڕۆسەی حەج، ئەو كەسانەی ڤیزەی كار یاخود هەر ڤیزەیەكی تریان هەیە، بەهیچ شێوەیەك ناتوانن بێنە ناو شوێنە ئایینی و پیرۆزەكان، بەڵكو ئەو شوێنانە تەنیا بۆ ئەو كەسانە فەراهم دەكرێت كە بەشێوەی فەرمی ڤیزەی حەج هاتوونەتە وڵاتی سعودییەوە.