کەریمی عەلەکە دروستی دەکات
لە کەرکوک پەیکەر بۆ شەهید ئەحمەد دادەنرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
وەک رێزێک بۆ بەرخۆدان و گیانفیدایی یەکەم شەهیدی باشووری کوردستان لە رۆژئاوا، پەیکەرێک بۆ شەهید ئەحمەد هێمن لە کەرکوک درووست دەکرێ، ئەوەش لەلایەن دامەزراوەی کەریمی عەلەکە.
ئەحمەد هێمن، گەنجێکی دانیشتووی شاری کەرکوک بوو پاش هێرشی گروپە چەکدارەکان و سوپای سوریا چووە رۆژئاوا بە خۆبەخشی و تێکەڵ بە خەڵک خۆبەخش بوو، بۆ پاراستنی ناوجە کوردییەکان، رۆژی 27.1.2026 لە سنووری حەسەکە شەهید بوو.
دامەزراوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 1.2.2026 لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێ، وەکو رێزێک بۆ بەرخۆدان و گیانفیدایی یەکەم شەهیدی باشوور لە ڕۆژئاوای کوردستان، لەسەر ئەرکی دکتۆر تەها رەسوڵ، پەیکەرێک بۆ شەهید ئەحمەد هێمن لە کەرکوک درووست دەکرێت.
وا بڕیارە پاش تەواوبوونی پەیکەرەکە لە شاری کەرکوک، زێدی لەدایک بوونی شەهید و لە شوێنێکی شیاودا وەک سمبولی یەکڕیزی کورد دادەنرێت.
دامەزراوەی کەریمی عەلەکە ئەوەشی وتووە، وەکوو رێز و وەفایەک بۆ شەهید ئەحمەد هێمن، بەڕاوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ بنەماڵەکەی گڵکۆیەکی شایستە بۆ شەهید درووست دەکرێت.