رۆژەکەیان بۆ قەرەبوو ناکرێتەوە

بارانبارین نەیهێشت قوتابیانی سلێمانی یادی جلی کوردی بکەنەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بەهۆی بارانبارین و دروستبوونی لافاوی شەوی رابردووی شاری سلێمانییەوە قوتابییانی سنووری 10 پەروەردە لەبەرکردن و یادکردنەوەی رۆژی جلی کوردییان لەدەستچوو و بۆشیان قەرەبوو ناکرێتەوە.

رۆژی 10.3.2023 وەک رۆژی جلوبەرگی کوردی لە ناوەندەکانی خوێندن دیاری کرابوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو رۆژە هەینییەوە، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رۆژێک پێشی خست بۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە 9.3.2023 بەڵام بارانبارین نەیهێشت ئەمڕۆش بکرێت.

تۆڕی 964 دەزانێت، زۆرینەی قوتابخانەکان بۆ ئەم رۆژە ئاهەنگیان هەبوو و ماوەی زیاتر لە مانگێکیشە هەر خوێندنگا و چەند خوێندکارێکیان لە راهێناندا بوون بۆ ئەنجامدانی چالاکی لەم رۆژەدا.

دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند: بەهۆی ئەوەی لە 11.3.2023ـەوە پشووی بەهارە دەست پێ دەکات، ناتوانین رۆژی جلوبەرگی کوردی قەرەبوو بکەینەوە، بەڵام ساڵێکی تر بە گوڕوتینی زیاترەوە یادی ئەو رۆژە دەکەینەوە.

لە سنووری 10 پەروەردەی سلێمانی هەزار و 604  خوێندنگا بوونیان هەیە.

“ئەمساڵ لە چەند بۆنەیەکی تردا جلوبەرگی کوردی لەبەر کراوە و دەتوانین بڵێین حەقی ئەو پرسەمان داوە”، دڵشاد عومەر وای وت.

بە پێی زانیارییەکانی 964، لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیانیش پشووە و یادی رۆژی جلوبەرگی کوردی ناکرێتەوە، بەڵام لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و هەولێر و ئیدارە سەربەخۆکانی دیکە بەڕێوە دەچێت.