بارانی ئەمشەو بەنداوێکی سەرڕێژ کرد
964+
هونەر فارس – دەربەندیخان
بەنداوی دێوانە لە دەربەندیخان سەرڕێژ بووە، بەڵام هیچ مەترسییەکی نییە، بە وتەی بەرپرسی بەنداوەکە.
دوای ئەو شەپۆلە باران بارینەی ئێوارەی ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان و سنووری گەرمیانی گرتەوە، ئاو لە بەشێک لە چەم و دۆڵەکان بەرزبووەوە و سەدی دێوانەش سەرڕێژ بوو.
بۆ دڵنایی هاوڵاتیان، پەیامنێری 964 پەیوەندی بە جەمال شێخ محەمەد بەرپرسی بەنداوی دێوانە کرد، ئەو جەختی لە سەرڕێژبوونی بەنداوەکە کردەوە و وتی، “30 سانتیم ئاوی بەنداوەکە سەرڕێژ بووە”.
دڵنیایشی دا بە هاوڵاتیان کە هیچ مەترسیەک لەسەر بەنداوەکە نییە.
بەنداوی دێوانە دەکەوێتە تەنیشت قەزای دەربەندیخانەوە و 43 مەتر بەرزیەکەیەتی و 19 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لەخۆدەگرێت.