"هەتا بمێنم بەکوردایەتی پەروەردەی دەکەم"
مورید ئەو منداڵەی بووە سیمبولی گەلێک؛ کوردایەتی لێ دەبارێ
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
مورید ئەو منداڵەی لە خۆپیشاندانەکانی سلێمانی بووە رەمز و سیمبولی گەلێک، کوردایەتی لێ دەبارێ و دایک و باوکیشی دەڵێن، چیدی تەنیا کوڕی ئێمە نییە و کوڕی هەموو کوردستانە.
پەیامنێری 964 چووەتە ماڵی مورید و دایک و باوکی قسەیان بۆ مایکی 964 کردووە، گوڵان حەمە جەزا دایکی مورید دەڵێت، “مورید لە رۆژی خۆپیشاندانەکەدا هەستێکی زۆر تایبەتی هەبوو و جاربەجار لەگەڵ خۆپیشاندەران دروشمەکانی دەوتەوە”.
“زۆر دڵخۆش بووین کە وێنە و ڤیدیۆکانی بەئاڵای کوردستانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە و هەتا بمێنم بەکوردایەتی پەروەردەی دەکەم”، دایکی مورید وادەڵێت.
گۆران عەبدولواحیدی باوکیشی دەڵێت، “ئێستا مورید تەنیا کوڕی ئێمە نییە، کوڕی کوردستانە و ئیشاڵا دەبێتە یەکێک لە رۆڵەکانی کوردستان کە بۆ ئازادی خاکی نیشتمان دایم بە سەربەرزی و سنگ بەرزی لەسەر پێ دەبێت”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری