ترەمپ و شەرع بە تەلەفۆن قسەیان كرد
پێش ئەوەی سبەی بچێتە روسیا
سەرۆكی ئەمریكا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع ئەنجام دا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی “نایاب”ی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سوریا ئەنجامداوە، ئەمەش لە كاتێكدا شەرع سبەی سەردانێكی فەرمی بۆ روسیا ئەنجامدەدات.
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی: گفتوگۆیەکی نایابم لەگەڵ سەرۆکی سوریا ئەنجام دا.
واشنتۆن سەرقاڵی هەوڵی دیپلۆماسی چڕ و پڕە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و چارەسەری سیاسی لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی کورد کە سەردەمانێک هاوپەیمانی سەرەکی واشنتۆن بوو لە سوریا و شەرع، کە ئێستا بووەتە هاوبەشی دڵخوازی ئەمریكا.
هەر لەمبارەیەوە ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا بڵاویکردەوە، سەرۆكی كاتیی سوریا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی درێژخایەنی لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپەوە پێگەیشت، تێیدا باسیان لە پێشهاتەکانی قۆناغی راگوزەریی سوریا و هەوڵەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئاسۆی هاوکاری دوو قۆڵی کرد کە خزمەت بە سەقامگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەکات.
بە گوێرەی ئاژانسەكە، شەرع پابەندبوونی تەواوی سوریای بە یەکپارچەیی خاکی و سەروەری نیشتمانی دووپاتکردەوە، هەروەها پەرۆشی دەوڵەتی بۆ پاراستنی دامودەزگاکانی و بەرەوپێشبردنی ئاشتی مەدەنی دەربڕی، هەروەها جەختی لە گرنگی یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان، کە لە پێشەنگییان داعش بوون، دووپاتکردەوە”.
بە گوێرەی سەرچاوەكە، سەرۆكی ئەمریكا پێشوازی لە رێککەوتنی ئاگربەست کرد و بە هەنگاوێکی سەرەکیی زانی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان و دەستخۆشی لە لێکتێگەیشتنە ئاڵۆزەکان کرد سەبارەت بە یەکخستنی هێزە سەربازییەکان لەوان هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان ترەمپ و شەرع لە كاتێكدایە، سبەی چوارشەممە شەرع بە سەردانێكی فەرمی سەردانی روسیا دەكات و دیداری لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە دەبێت، ئەمەش بە گوێرەی تەلەڤزیۆنی فەرمیی سوریا.