"ئاخێ خۆ دپارێزین"
شێرە ژنەکانی رۆژئاوا؛ بۆ خاک چەکمان لە شان کردووە
964+
توانا نەقی – عامودا
لە شاری عامودای رۆژئاوای کوردستان، کۆمەڵێک ژن لەسەر کوچە و کۆڵانەکان راوەستاون و ئەمنییەتی گەڕەکەکانیان دەپارێزن، نێردراوی 964 بۆ رۆژئاوا چووەتە لایان و ئەوانیش دەڵێن، پاراستنی خاکەکەیان چەکی پێ لە شان کردوون.
ئێستا وایە، ئاسایشی گەڕەکێکی گەورەی عامودا ژنان دەیپارێزن، یەکێکە لەو ژنانەی کە قسە بۆ مایکی 964 دەکات دەڵێ، خاکەکەمان وای لێکردووین، لە منداڵی یەک ساڵ هەتا هەشتا ساڵ، بەرگری بکەین.
دەشڵێ، ئەوان ئامادەن خاکی هەرچوار پارچەی کوردستان بپارێزن، یان نەبوون یان هەبوونێکی شەرەفمەنددانە هەڵدەبژێن و دەیانەوێ.
لە ئەمنیەت و پاراستنی خاکەکەشیان ژنەکان نۆرە دەدەن بەیەک و هەماهەنگی دەکەن، تایبەت شەوان ئاگردەکەنەوە و لە هاتوچۆی خەڵک دەپرسنەوە.
ئەم رۆژانە پاراستنی خاک لە رۆژئاوای کوردستان، سیمایەکی دیاری شەقامی کوردستانییە، یەکدەنگی و پشتیوانی بەشەکانی کوردستان بۆ رۆژئاوا رۆژەڤێکی دیارە و لە ئاستی جیهانیش خەریکی هاودۆستی بۆ پرسی کورد روو لە زیاد بوونە.