باسم قاسم: متمانەم بە تیپەكە زۆرە

یانەی هەولێر سزادرا و سبەیش لە بەغدا ئەركی قورسە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەهۆی رووداوەكانی یاریی هەولێر و تەڵەبە، كە هەینیی رابردوو كرا، یانەی هەولێر سزادرا، ئەمەش لە كاتێكدایە تیپەكە سبەی لە بەغدا بەرامبەر كەرخ لە خولی ئەستێرەكانی عێراق یاریی دەكات.

بۆچی یانەی هەولێر سزادرا؟

هەینیی رابردوو هەولێر و تەڵەبە لە هەولێر یارییان كرد و تەڵەبە بە 2-0 گۆڵ یارییەكەی بردەوە، بەهۆی بڕیارەكانی ناوبژیوانانی یارییەكە، بەشێك لە هاندەرانی هەولێر تووڕەبوون و دەبە و قوتویان فڕێدایە ناو یاریگە، هەروەها كەسێكیش ویستی لە ناوبژیوان بدات و هاتە ناو یاریگە، لەسەر ئەم رووداوانە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، بە پشتبەستن بە راپۆرتی سەرپەرشتیاری یارییەكە، بڕیاری دا یانەی هەولێر سزابدات بە ئەنجامدانی دوو یاری لە یاریگەی خۆی بەبێ جەماوەر، هەروەها پێبژاردنی بڕی 25 ملیۆن دینار.

بە گوێرەی خشتەی یارییەكانی هەولێر، دوو یاریی داهاتووی لە یاریگەی خۆی، بەرامبەر یانەكانی زاخۆ و نەفت دەبێت، كە دەبێت بەبێ جەماوەر ئەنجامیان بدات.

هاوكات تیپەكە سبەی لە بەغدا لە گەڕی 15ی خولی عێراق بەرامبەر یانەی كەرخ یاریی دەكات، كە یەكێكە لە تیپە بەهێزەكانی ئەم وەرزە و لە حەوتی یاریی رابردوویدا نەدۆڕاوە.

راهێنەری هەولێر: متمانەم بە تیپەكەم زۆرە

باسم قاسم راهێنەری یانەی هەولێر لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی ئێوارەی ئەمڕۆی تیپەكەی، پێش بەڕێوەچوونی یاریی سبەی بەرامبەر یانەی كەرخ لە بەغدا، وتی، ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر متمانەم بە تیپەکەم هەیە

وتیشی، فشاری یارییەکان و دواکەوتنی یاریزانان لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا کاریگەری لەسەر ئێمە هەبوو، بە تایبەتی لە دوو یاریی کۆتاییدا.

“سەرەڕای ئەو دوو دۆڕانەش ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر متمانەم بە دۆخی تیپەکە هەیە، دوای زیادکردنی کۆمەڵێک یاریزانی پیشەگەر بۆ پێکهاتەکەمان”، ئەمە قسەی راهێنەری هەولێرە.

وتیشی، ئێمە ئاواتەخوازین پێشەنگی خۆمان لە یارییەکەی سبەینێدا بەهێزتر بکەین، هەروەها لە یارییەکەمان بەرامبەر ئەمانەی بەغدا.

پێشی وابوو یانەی کەرخ تیپێکی باشە، راهێنەرێکی بەتوانا و یاریزانی لاوی هەیە کە ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکەن.

هەولێر هەر یەكەمی عێراقە

یانەی هەولێر لە دوو یاریی رابردووی بەرامبەر زەوڕا و تەڵەبە دووچاری شكست بوو، كە تەنیا دوو دۆڕانی تیپەكەیە لەم وەرزەدا و ئێستاش بە 30 خاڵ لە پلەی یەكەمی خولی ئەستێرەكانی عێراقە، سبەیش لە بەغدا رووبەڕووی یانەی كەرخ دەبێتەوە لە گەڕی 15ی خولەكەدا.

كێشە داراییەكانی یانەی هەولێر سەری هەڵداوەتەوە و خەری...

كێشە داراییەكانی یانەی هەولێر سەری هەڵداوەتەوە و خەریكە دەبێتە هەڵڵا، كابرای ماچەكەش دەڵێت، بێتاوانم