"لەپێناو کوردایەتی و هاوکاریکردنی کەسوکارمان لە رۆژئاوا"

لە سلێمانی چەند کۆمپانیایەک کاڵاکانیان بۆ خێرخوازان هەرزان کردووە

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

هاوکارییەکان بۆ خەڵکی لێقەومای رۆژئاوای کوردستان جۆراوجۆرە و هەر کەسەوە بەشێوازێک بەشداری کەمپەینەکان دەکات، لە سلێمانی چەند کۆمپانیایەک کاڵاکانیان بۆ خێرخوازان هەرزان کردووە و دەیانەوێت بەو شێوەیە زۆرترین سەبەتەی خۆراک بگاتە رۆژئاوا.

“لەگەڵ کۆمپانیاکانی بواری خۆراک قسەمان کردووە و داوامان لێکردوون نرخەکان بشکێنین و نرخی زیادە لەسەر شتومەکەکان نەبێ، بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین سەبەتە دروست بکەین”، ئاری محەمەد خاون کۆمپانیا وای بە 964 وت.

ئەوەشی وت کە تا ئێستا شەش بۆ حەوت کۆمپانیا ئەو کارە دەکەن و ئەگەر کەسێک بیهەوێ کاڵا و سەبەتەی خۆراک بۆ رۆژئاوا بکڕێت، بەنرخێکی کەمتر پێیان دەفرۆشن، واتە ئەگەر سەبەتەیەک لە بازاڕ بە 20 هەزار دینار بێت، ئەوان بە 15 هەزار دینار پێیان دەدەن.

ئاری محەمەد دەڵێت، “تەنیا لەپێناو خودا و کوردایەتی و کەسوکارمان لە رۆژئاوای کوردستان ئەو کارە دەکەین”.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری