"خواپێداوەکان چالنجی یەکتر دەکەن"
لە خورماتوو زیاتر لە 80 ملیۆن دینار بۆ رۆژئاوا کۆکراوەتەوە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
سێ رۆژە کەمپەینی هاوکاری بۆ خەڵکی لێقەومای رۆژئاوای کوردستان لە خورماتوو دەستیپێکردووە و ئەمڕۆ ماوەکەی درێژکرایەوە، خواپێداو و سەرمایەدارەکان چالنجی یەکتر دەکەن، بۆ ئەوەی پارەیەکی زیاتر کۆبکەنەوە.
هێمن بەرزان یەکێک لە سەرپەرشتیارانی کەمپەینەکە بە 964ـی وت، “لەو سێ رۆژەدا زیاتر لە 80 ملیۆن دینار کۆکراوەتەوە، ماوەی کەمپەینەکەش سێ رۆژ بوو، بەڵام لەسەر داوای خەڵک ماوەکەمان درێژکردەوە و بڕیارماندا ئەمڕۆش بەردەوام بین”.
“کۆمەڵێک خەڵكی سەرمایەدار و خێرخوازی باش بە چالنجکردنی یەکتر هاتوونەتە سەر خەت و پێشبینی دەکەین، بڕی پارەکە بچێتە سەروو 100 ملیۆن دینار”، هێمن بەرزان وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای کۆتاییهاتنی کەمپەینەکە، هەموو پارەکە لەڕێی نوێنەرانی خۆیانەوە دەگەیەننە رۆژئاوای کوردستان.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری