پێداویستی سەرەکی و دەرمانە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگەیەنرێن
بنەماڵەیەکی سۆران 500 سەبەتەی خۆراک پێشکەشی رۆژئاوای کوردستان دەکەن
964+
ئاکام غەفوور – سۆران
بنەماڵەیەک لە گوندی هاودیانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 500 سەبەتەی خۆراکیان ئامادە کردووە بە مەبەستی گەیاندنی بە هاوڵاتیانی رۆژئاوای کوردستان.
سەبەتە خۆراکەکان پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک؛ (شیری منداڵان، رۆن، برنج، نۆک، نیسک، فاسۆڵیا، گۆشتی قوتوو، دۆشاوی تەماتە، چا و دەرمان) لەخۆدەگرن.
جێگر دۆڵانی، ئەو خێرخوازەی سۆران کە ئەرکی گەیاندنی هاوکارییەکانی گرتووەتە ئەستۆ، بە 964ی راگەیاند؛ بنەماڵەی “شێخ جەمال هاودیانی” نەیانویستووە خۆیان دەربکەون و سەبەتەکانیان رادەستی ئەو کردووە بۆ ئەوەی بیگەیەنێتە جێی مەبەست، ئەو دەڵێت “ئەمە کارێکی نەتەوەیی و کوردانەیە.”
ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند رۆژی داهاتوودا هاوکارییەکان رەوانەی رۆژئاوای کوردستان دەکرێن، هاوکات داوا لە سەرمایەدار و خواپێداوانی سۆران دەکات هاوشێوەی ئەو بنەماڵەیە، دەستی هاوکاری بۆ براکانیان لە رۆژئاوا درێژ بکەن.