سنوورەکانى تێکشکاند

 خاوەنى شیعرى 2 دانە 2: حساباتی بیرکاریی نێوان پارچەکانمان گۆڕی بۆ “یەک”

964+

وریا فەتاح

لە ناو جەرگەی خۆپێشاندانی کوردانی ڤانکۆڤەر لە کەنەدا، “قازی” شاعیری ناسراوی کورد، شیعری “دوو دانە دوو”ی خوێندەوە و رایگەیاند، ئەو حساباتەی سنووری لە نێوان دڵی کورداندا دروست کردبوو، ئێستا بووەتە مانفیستۆیەکی نەتەوەیی و هەموو سنوورە دەستکردەکانی تێکشکاندووە.

قازی شاعیر ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک لە ساڵی 1983دا ئەم شیعرەی نووسیوە، هەرگیز بڕوای نەدەکرد ڕۆژێک بێت ببێتە “مانفیستۆ” و لەسەر زاری هەمووان بێت و دیوارەکانی شارەکانی پێ بڕازێتەوە.

وتیشی: “نووسینی ئه‌م شیعرە تەنیا لابردنی ژمارەیەک نەبوو، بەڵکو خوێندنەوەیەکی جیاواز بوو بۆ ئەو حساباتانەی کە خاکی ئێمەیان پێ بەش کردبوو.”

2 دانە 2 دەکاتە 1

شاعیر جەختی لەوە کردەوە کە کورد توانی بیسەلمێنێت لای ئەو حساباتی بیرکاری جیاوازە؛ “ئێمە توانیمان بیسەلمێنین کە 2 دانە 2 دەکاتە 1، ئەو یەکەش یەکگرتوویی هەموو کوردە لە هەر چوار پارچەی نیشتمان.”

 ئەم وتانەی شاعیر لە کاتێکدایە کە ئێستا کوردانی تاراوگە بە هەمان گڕوتینی ناوخۆ، پشتیوانیی خۆیان بۆ رۆژئاوای کوردستان دەردەبڕن.

دەقی شیعری “دوو دانە دوو”ی قازی شاعیر:

وەبیرمە لە مەکتەبا دەیانپرسی دوو دانە دوو دەکاتە چەن؟

هەموو تێکڕا دەیانووسی دەکاتە چوار

کەچی ئەمن لە حیسابا نمرەی کەمم دەهێنا و دەهاتمە خوار

ئەوەش تەنیا لەبەر ئەوەی لای من وابوو

دوو دانە دوو دەبێ بەیەک، نابێ بە چوار

لای من وابوو، ددان و دوو لێو و زوبان نابن بە چوار

دەبن بە زار، بە تێکڕایی دەکەن هاوار

لای من وابوو، دوو دەست و دوو لاقی مرۆڤ

نابن بە چوار، لە لەشێکدا وا دێنە کار

لای من وابوو گەرەک، خانوو، کۆڵان، شەقام

نابن بە چوار، دەبن بە شار

تێیدا دەژین دەوڵەمەند و خەڵکی هەژار

لای من وابوو، کۆلکە و ڕیشە، لق و گەڵا

نابن بەچوار، دەبن بە دار

هێندێک کورت و هێندێک درێژ وەکو چنار

لای من وابوو ئەوین و دڵ، جوانی و پاکی

نابن بە چوار، دەبن بە یار، لای دڵدار

ئەو هەمووەی وا دوو بە دوو دەبن بە یەک نابن بە چوار

یەکجار زۆرن، بەڵام لەکوێ دێنە ژمار

تەنیا ئەوەندەی دەزانم ئەگەر لەشم سەد پارچەکەن

بمدەنە ژێر گولـلە و رەدبار، بچمە سەر دار

قسەی دڵم دێتە سەر زار

کوردستان هەر وڵاتێکە و نابێ بە چوار