"زیاتر لە 100 بارهەڵگر نێردراوە"
یەکەم کاروانی هاوکارییەکانی ژووری بازرگانی هەولێر رەوانەی رۆژئاوا کرا
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
یەکەم کاروانی هاوکارییەکانی ژووری بازرگانی هەولێر رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کرا و بەڕێوەبەری ناوەندی قەیرانەکانیش دەڵێ، تا ئێستا زیاتر لە 100 بارهەڵگر کەلوپەل و خۆراک رەوانەی ئەو بەشەی کوردستان کراوە.
ئەمرۆ یەكشەممە 25.1.2026 لە بەردەم پاركی شانەدەر لە هەولێر، 16 بارهەلگر کەلوپەل و پێداویستی سەرەتایی لەلایەن ژووری بازرگانی هەولێرەوە رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کرا، گەیلان حاجی سەعید سەرۆكی ژووری بازرگانی هەولێر بە 964ـی وت، “ئەو بارهەڵگرانە خۆراک و شیر و دایبی و پێداویستی منداڵانیان تێدایە، جگە لەوەش 50 ملیۆن دینارمان ناردووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوە یەكەم كاروانی هاوکارییەکانی ژووری بازرگانییە بۆ رۆژئاوای کوردستان و بەردەوامیش دەبن.
هاوکات ناز جەلال بەڕێوەبەری ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر بە 964ـی وت، “لە سەرەتای سەرهەڵدانی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە رۆژئاوای کوردستان، زیاتر لە 100 بارهەڵگر کەلوپەل رەوانەی ئەو بەشەی کوردستان کراوە”.
باسی لەوەشکرد، دەیانەوێ لە رۆژانی داهاتوودا و بەهەماهەنگی لەگەل لێژنەی بەنزینخانەكان، گاز دابین بکەن و رەوانەی رۆژئاوای بکەن، چونكە لە رۆژئاوا زیاتر گاز بەکاردێت وەک سووتەمەنی نەک نەوت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری