و گەنجەکانیش "دەچینە بەرەی جەنگ"
خورماتوو؛ پارە بۆ رۆژئاوا کۆدەکرێتەوە
964+
سیروان خورشید- خورماتوو
کوردانی قەزای خورماتوو، ئەمڕۆ هەینی هەڵمەتێکی بەرفراوانیان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی دارایی بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد، بەشێک لە بەشداربووانی کەمپینەکەش ئامادەیی خۆیان نیشان دەدەن بۆ چوونە ناو سەنگەرەکانی بەرگری.
لە ناو بازاڕی خورماتوو، کەمپینێکی جەماوەری بۆ کۆکردنەوەی پارە راگەیەندراوە، هاوڵاتیان بە گوڕوتینەوە بەشداری دەکەن و دەڵێن، ئەرکی ئەوانە لەم کاتە سەختەدا پشت و پەنای خوشک و براکانیان بن لە رۆژئاوا کە ووبەڕووی گەمارۆ و هێرش بوونەتەوە.
جگە لە بەخشینی پارە، دۆخی دەروونی و نیشتمانیی هاوڵاتیانی خورماتوو زۆر بەرزە، ژمارەیەک لەو گەنجانەی بەشداری کەمپینەکەیان کردووە، بە دڵپڕییەوە بە 964یان راگەیاند: “کۆکردنەوەی هاوکاری تەنیا سەرەتایە، ئێمە ئامادەین هەموو شتێک بەجێبهێڵین و بچینە بەرەکانی جەنگ، بۆ ئەوەی شانبەشانی شەڕڤانان بەرگری لە خاکی ڕۆژئاوا بکەین.”
ئەم هەڵمەتەی خورماتوو هاوکاتە لەگەڵ چەندین کەمپینی هاوشێوە لە شارەکانی تری هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان، کە تێیدا جەخت لە یەکێتیی نەتەوەیی و پشتیوانیی بێ مەرج بۆ رۆژئاوا دەکرێتەوە.
پێداچوونەوە : وریا فەتاح