ئاگرێكی گەورە لە پاكستان 60 كەسی سووتاند
پاكستان
ئاگرێكی گەورە كەوتەوە و زیاتر لە 60 كەس گیانیان لەدەست دا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرێكی گەورە لە مۆڵێكی شاری كەراچی لە پاكستان، زیاتر لە 60 كەس گیانیان لەدەست دا و هێشتا بە دەیان كەسیش دیكەش چارەنووسیان نادیارە.
ئاگرەكە لە مۆڵێك كەوتەوە بە ناوی “جۆڵ پلازا” لە شاری كەراچی لە باشووری پاكستان، بەپێی دواترین ئامارەكان زیاتر لە 60 كەس گیانیان لەدەست داوە و چارەنووسی دەیانی دیكەش نادیارە.
بازاڕەكە 1200 دوكان و فرۆشگای تێدایە و جلوبەرگی بووك و یاری و پێداویستی ماڵی لێ دەفرۆشرێت، میدیاكانی پاكستان دەڵێن دەیان ساڵە ئاگری لەو شێوەیە لەو وڵاتە نەكەوتووەتەوە.
تیمەكانی رزگاركردن و بەرگریی شارستانی تا ئێستاش بەدوای چارەنووسی دەیان كەسی دیكەدا دەگەڕێن، رووداوەكەش تووڕەیی و كاردانەوەی پاكستانییەكانی لێكەوتووەتەوە، چونكە دەگوترێت تیمەكانی بەرگریی شارستانی درەنگ هاتوون و زۆربەی دەرگاكانی مۆڵەكەش داخراو بوون.
حكومەتی پاكستان رایگەیاندووە، لێكۆڵینەوەی لە هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە دەستپێكردووە و ئەوانەی هۆكار و كەمتەرخەم بوون سزا دەدرێن.