تیمی CPT لە رۆژئاوای کوردستانە
کامەران پێشێلکارییەکانی سوپای سووریا بە بەڵگە دەکرێن
964+
وریا فەتاح
تیمی کوردستانی رێکخراوی CPـی ئەمریکی گەیشتە رۆژئاوای کوردستان، بە مەبەستی کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجام دەدرێن.
کامەران عوسمان، بەرپرسی تیمی کوردستانی
بە 964ی راگەیاند، لە ئێستادا لە رۆژئاوای کوردستانن و لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ هاوبەشەکانیان کار دەکەن بۆ تۆمارکردن و بە بەڵگەنامەکردنی تەواوی ئەو پێشێلکارییانەی چەکدارانی سوپای سووریا بەرامبەر بە ژنان، منداڵان و هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامی دەدەن.
بەرپرسی تیمەکە ئاماژەی بەوە کرد، کە بێدەنگی وڵاتانی زلهێز بەرامبەر بەو دۆخەی لە رۆژئاوا دەگوزەرێت “بێ پاساوە”.
وتیشی: “پێویستە هەموو ئەوانەی لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندە کاریگەرەکان کار دەکەن، رۆڵی جدیی خۆیان بنوێنن.”
بەپێی وتەی کامەران عوسمان، دەرئەنجامی راپۆرتە مەیدانییەکانیان تەنیا بۆ میدیا نابێت، بەڵکو لەگەڵ:
• رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ.
• نێردە دیپلۆماسییەکانی وڵاتان.
• کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی. بەش دەکرێن، تاوەکو راستییەکانی ئەو ناوچەیەیان بۆ بخەنە ڕوو.