شێرزاد هیرانی 17مین پێشانگەی تایبەتی فۆتۆگرافی لە هەولێر كردەوە
پێشانگەی فۆتۆگرافی
شێرزاد هیرانی “بەسەر پەیژەی رەنگەكاندا” دەچێتە باوەشی سروشت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
هونەرمەندی فۆتۆگرافی شێرزاد هیرانی 17مین پێشانگەی تایبەتی فۆتۆگرافی لە هەولێر كردەوە و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 19.1.2026 لە گەلەری شێوەكاری لە هۆڵی میدیای هەولێر، پێشانگەی تایبەتی فۆتۆگرافی هونەرمەند شێرزاد هیرانی، بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری نوێی رۆشنبیری و هونەر و ژمارەیەك لە هونەرمەندان و ئارەزوومەندانی هونەری كرایەوە.
شێرزاد هیرانی بە 964ی وت، پێشانگەكە سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، 40 تابلۆی فۆتۆی تایبەت بە سروشتی كوردستانی تێدا نمایش كراوە لە ژێر ناونیشانی “بەسەر پەیژەی رەنگەكاندا”.
وتیشی، ئەمە 17مین پێشانگەی تایبەتی خۆمە و تابلۆكان لە سروشتی جیاوازی كوردستانەوە گیراون و بە قەبارەی 50 بە 75 سم نمایشكراون.
شێرزاد هیرانی، لە 1970 لە هیران لەدایكبووە و لە 1989ەوە كاری وێنەگرتنی ڤیدیۆیی دەستپێكردووە و دواتریش رووی لە فۆتۆگرافی كردووە، تا ئێستا جگە لە 17 پێشانگەی تایبەتی، بەشداریی 55 پێشانگەی هاوبەشیشی كردووە.
هیرانی لەگەڵ كەناڵ و كۆمپانیای میدیایی كاری كردووە و سێ ساڵیش سەرۆكی كۆمەڵەی وێنەگرانی كوردستان – لقی هەولێر بووە، دەیان خول و راهێنانی بە فێرخوازانی بواری وێنەگرتنی ڤیدیۆ و فۆتۆ كردووە و بەرنامەی دیكەشی لەبەردەستە لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەنجامیان بدات.