داوا دەکەن بڕیارەکە هەڵبوەشێتەوە

زەڕایەن؛ دانیشتووانی ناحیەکە دژی گۆڕینی بەڕێوەبەرەکەیان گردبوونەوە

964+

بڕوا مەجید – شارەزوور

بەشێک لە هاوڵاتییانی ناحیەی زەڕایەن و قەزای شارەزوور دژی بڕیاری گواستنەوەی ئاوارە حەمەشەریف، بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن گردبوونەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەیان کرد، لە بەرامبەریشدا جیگری پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، گۆڕانکارییەکە تەنیا رێکارێکی ئیداریی ئاساییە.

عەلی ئەنوەر، چالاکوان و مامۆستا لە زەڕایەن بۆ 964 دەڵێت، هاوڵاتییان بەهۆی دڵسۆزی و ئەو خزمەتە زۆرەی بەڕێوەبەرەکە لە چەند ساڵی رابردوودا پێشکەشی کردووە، یاداشتێکیان ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و داوا دەکەن بڕیارەکە هەڵبوەشێتەوە، یان ئەگەر گۆڕانکاری دەکرێت پێویستە کەسێکی خەڵکی ناوچەکە لەو پۆستە دابنرێت.

مەلا دارا، پێشنوێژی مزگەوتی مەلا عەبدولکەریمی مودەریس وتی، گردبوونەوەکە وەک وەفایەک بووە بۆ کارەکانی ئەو بەڕێوەبەرە کە لە ماوەی کارکردنیدا جێگەی خۆی لە دڵی خەڵکیدا کردووەتەوە.

لە بەرامبەردا، شاهۆ عوسمان کەریم، جێگری پارێزگاری سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئاڵوگۆڕکردنی بەڕێوەبەری ناحیەکە تەنیا رێکارێکی ئیدارییە و لە چەند شوێنێکی دیکەش هەمان گۆڕانکاری کراوە، بەپێی بڕیارەکە، ئاوارە حەمەشەریف بۆ دیوانی پارێزگا گواستراوەتەوە و سەلام عومەر ئیبراهیم وەک بەڕێوەبەری نوێی ناحیەی زەڕایەن دەستبەکار بووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا بە فەرمی هیچ داواکارییەکیان لەلایەن هاوڵاتییانەوە پێنەگەیشتووە و کەسیش داوای ئەو پۆستەی نەکردووە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

رێگای دەربەندیخان داخراوە و وانەبێژە غیاب دراوەکانی د...

رێگای دەربەندیخان داخراوە و وانەبێژە غیاب دراوەکانی دوکانیش گردبوونەوە