21 ساڵە بەردی بناغەی دانراوە
بەدواداچوونی 964: چارەنووسی تونێلی هەیبەت سوڵتان چی بەسەرهات؟
964+
دەریا ئەحمەد – كۆیە
21 ساڵ تێپەری بەسەر دانانی بەردی بناغەی تونێڵی هەیبەت سوڵتان تێپەڕیوە و دوو جار شوێنەكەی گۆڕاوە، قایمقامی كۆیەش دەڵێت بە نیازین شوێنێكی دیكە بۆ تونێلەكە دابنێن، بۆ ئەوەی كۆیە پشتاوشار نەكرێ و پەراوێز نەبێت.
تاریق حەیدەری قایمقامی قەزای کۆیە بە 964ـی وت، تونێڵی هەیبەت سوڵتان خراوەتە چواچێوەی پڕۆژەی رێگای دوو سایدی نێوان هەولێر ــ کۆیە و لە قۆناغی پێنجەمی پرۆژەکەدایە و ئەو شوێنەی کە 21 ساڵ لەمەوبەر بەردی بناغە تونێلەکەی لێ دانرا، گونجاو نەبوو، چونكە لەناو قەرەباڵغی شارەکە و لە پشت زانکۆی کۆیە بوو، شوێنی دووەمی پرۆژەکەش زۆر لە کۆیەوە دووربوو دەکەوتە لای گوندی باداوان لە ناحیەی خەلەکان و شارەکە دەکەوتە پشتی تونێڵەکە و لا چەپ دەبوو، بۆیە سوودی نەدەبوو بۆ کۆیە.
وتیشی، ئێستا هەوڵی دەستنیشانکردنی شوێنێک دەكەن لە گوندی هەواوان لە نزیک کۆیە، کە کەوتووەتە نێوان هەردوو شوێنی دەستنیشانکراوی پێشووی پرۆژەکە و بە شەقامی 60 مەتری کۆیەوە دەبەسترێتەوە، کە شەقامەکەش لەگەڵ رێگا دوو سایدەکەی کۆیە ـ هەولێر دروست دەکرێت.
“جاری یەکەم نازانین چەندی پارە لێ خەرجکرا، بەڵام شوێنی دووەمی تونێڵەکە سەدا شەشی کارەکانی تەواو بوو، کۆمپانیاکە ئەو پارەی وەرگرتووە کە چەند ملیارێکە لە بەرامبەر ئەو کارەی لە تونێڵە کردوویەتی و ئێستاش ئامادەیە پرۆژەکە وەربگرێتەوە بەڵام پێویستی بە توێژینەوە و هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی جۆری خاک و شاخی ناوچەکەیە، تا بزانین تێچووی ئەم شوێنە چەند دەبێت”، ئەمەش قسەی تاریق حەیدەرییە.
تونێڵی هەیبەت سوڵتان لە ساڵی 2005 جارێک بەردی بناغەی دانرا و 14 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکرا و بڕیار بوو دوای ساڵێک کارەکانی تەواو بن، بەڵام دوای کەمێک کارکردن پرۆژەکە وەستا و دوای هەشت ساڵ و لە ساڵی 2013 لە دەشتی کۆیە شوێنیکی تری بۆ دەستنیشانکرا و سەدا شەشی کارەکانی جێبەجێ کرا و لەسەر داوای ئیدارەی کۆیە دووبارە کارەکانی وەستا و تا ئێستاش بە دیاریکراوی دیارنییە کەی دەست بە کارکردن دەکەن لە شوێنی سێیەم، بۆ دروستکردنی تونێڵی هەیبەت سوڵتان.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا