ئاوات حوسامەدین، نوێنەری زەردەشتییەكان
“دەبوو دكتۆر بەرهەم ئێستا لە سوریا بووایە”
964+
دیلان محەمەدجەزا
نوێنەری زەردەشتییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی كوردستان دەڵێت، كوردانی رۆژئاوا ئێستا پێویستیان بە كەسایەتی و پێگەی دكتۆر بەرهەم ساڵحە و بە هەزارانیان ئاوارە بوون، دەبوو ئێستا ئەو لەوێبووایە نەك ئەفریقا.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 18.1.2026 خۆپێشاندانی هاوڵاتیان و چالاكوانانی سلێمانی بۆ بەرگری لە رۆژئاوا دەستیپێكرد و بە سەدان كەس لە بەردەم باخی گشتی پاڵپشتیی خۆیان بۆ كوردانی رۆژئاوا دەربڕی.
ئاوات حوسامەدین، نوێنەری زەردەشتییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی كوردستان لە خۆپێشاندانەكە بەشدارە و بە 964ی وت، “داوا دەكەم د.بەرهەم ساڵح بێتە سەر خەت و دەسەڵاتی هەیە، چونكە بە هەزاران كەس لە رۆژئاوا بەم زستانە ئاوارە بوون و ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە”.
وتیشی، دەبوو د.بەرهەم لەوێ بووا و دەتوانێت كاریگەریی هەبێ و شەڕ رابگرێت، نەك لە ئەفریقا بێت.
ئاوات حوسامەدین دەڵێت، “قبوڵ ناكەین هیچ كەسێك بە خراپە باسی كوردستانیان بكات جا لە هەر كوێیەك بێت و لە ژێر ناوی هەر ئایینێكیش بێت”.
د.بەرهەم ساڵح لە سەرەتای ئەمساڵەوە بووە بە سەرۆكی كۆمسیارانی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا