قایمقام "مەترسن دوکەڵ نییە هەڵمە"

دوكەڵی كارگەكانی بازیان نیگەرانی لای دانیشتووانەكەی دروستكردووە

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

ماوەی چەند رۆژێكە، دوكەڵێکی زۆر لە سنوری قەزای بازیان بڵاوبوەتەوە، ئەمەش خەڵکەکەی ناڕەحەت کردووە و بوەتە هۆی مەترسی لەلایان، بەڵام  قایمقام دەڵێت، “مەترسن ئەمە دوكەڵ نییە و هەڵمە”،

كارگەكانی سنوری بازیان، پێكهاتوون لە هەریەك لە كارگەی چیمەنتۆ، ئاسن، بەرهەمهێنانی كاغەز، دروستكردنی بتڵی غاز، دروستكردنی قوتو، دەرمان، ئۆكسجینی نەخۆشخانەكان، چبز و ئاوی خواردنەوە.

ئیسماعیل ئەحمەد، قایمقامی قەزای بازیان ئەمڕۆ شەممە 17.1.2026 بە 964ی وت، ئەو دوكەڵەی كە لەو كارگانەوە دەردەچن جێگای مەترسی نییە و خەڵكی بەهۆی ناشارەزاییانەوە وا دەزانن دوكەڵە، بەڵام دەڵێت “ئێمە چەند جارێكی دیكە خەڵكمان دڵنیاكردووەتەوە ئەوە تەنیا هەڵمە و بەهۆی گەرمی و ساردی ناوەوە و دەرەوەی كارگەكان دروست دەبێت”.

وتیشی، پلەی گەرمی ناو كارگەكان تاوەکو 650 پلەی گەرمی بەرزە و دەرەوەش لەبەیانیان زووم تاوەکو سفری سلیزی و هەندێك جاریش ناقسە، بۆیە لەكاتی داگیرساندنیان ئەو هەڵمە سپییە دروست دەبێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دوكەڵە رەشەی لە پەیجەكانی سنورەكەش بڵاوبووەتەوە هی یەكێك لەكارگەكانی چیمەنتۆیە و وێستگەیەكی تازەیان بەكارخستووە و 15 خولەكی سەرەتا دوكەڵ دەكات و دواتر نامێنێت.

قایمقام ئاماژەی بە ستانداردبوونی ئەو كارگانە كرد و روونیدەکاتەوە، کە لیژنەیەكی تایبەتمەندی قایمقامییەت، پۆلیسی دارستان و ژینگە و فەرمانگەی ژینگەی سلێمانیش بەردەوام چاودێرییان دەكەن و رۆژانە بەسەریانەوە دەگەڕێن و راپۆرتی خۆیان پێشكەش دەكەن، لەداهاتوویەكی نزیكیشدا فەرمانگەی ژینگە لە بازیان دەكرێتەوە كە كاری سەرەكییان چاودێریی ئەو كارگانە دەبێت.

لە سنوری قەزای بازیان نزیكەی 50 كارگەی جۆراو جۆری بچوك، مامناوەند و گەورە هەیە، لەزۆربەی كارگەكانیش رەچاوی ستانداردی جیهانی كراوە و تەنانەت بەشێكیان دۆستی ژینگەن و لەكاتی فڕێدانی دوكەڵدا دەكوژێنەوە و لەكاردەكەون.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن

ئاگرەكەی كارگەی چبسی ماركۆ سەریهەڵدایەوە

ئاگرەكەی كارگەی چبسی ماركۆ سەریهەڵدایەوە

رەنگە كارگەیەكی دروستكردنی كەلوپەلی كشتوكاڵی لە هەولێ...

رەنگە كارگەیەكی دروستكردنی كەلوپەلی كشتوكاڵی لە هەولێر دابمەزرێت