" شوێن پێی کوردەکان بکەوە بۆ باشترکردنی سوریا"
ئەمریكا داوا لە دیمەشق دەکات هێرشەكانی بۆ سەر حەلەب و تەبقە رابگرێت
964+
فەرهاد حەسەن
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، داوای لە هێزەکانی حکومەتی سوریا کردوە سەرجەم هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی نێوان حەلەب و تەبقە رابگرن، و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش دەڵێت، “پێویستە سەرۆکی سوریا، شوێن پێی کوردەکان بکەوێت بۆ باشترکردنی سوریا”.
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم ئەمشەو لە راگەیەندراوێكدا کە لە تۆڕی X بڵاوكراوەتەوە، پێشوازی لە هەوڵە بەردەوامەکانی هەموو لایەنەکانی ناو سوریا دەکەین بۆ رێگریکردن لە گرژی و گەڕان بەدوای چارەسەریدا.
ئاماژەی بەوەشكراوە، داوا لە هێزەکانی حکومەتی سوریا دەکەین کە هەموو کردەوەیەکی هێرشبەری لە ناوچەکانی نێوان حەلەب و تەبقە رابگرن، چونکە دەڵێت “بەدواداچونی چڕ بۆ داعش و بەردەوامبونی فشارە سەربازییەکان پێویستی بە کاری بەکۆمەڵ هەیە لە نێوان هاوبەشە سورییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان”.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە “سوریایەک کە لەگەڵ خۆی و دراوسێکانی لە ئاشتیدا بێت، زۆر گرنگە بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە سەرانسەری ناوچەکەدا”.
لایخۆشییەوە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەراگەیەندراوێكدا دەڵیت “کورد ماوەیەکی زۆرە بۆ داهاتویەکی باشتری سوریا تێدەکۆشن و هاوپەیمانی بەهێزی ئەمریکان، بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە سەرۆکی سوریا شوێن پێی کوردەکان بکەوێت بۆ باشترکردنی سوریا، نەک شەڕی گەلی کورد بکات”.