هۆڵێکی گەورە بۆ راهێنانی شاخەوانی دروستدەکرێت

964+
رێژوان مامە قادر-سلێمانی

هۆڵێکی گەورەی وەرزشی، لەنێو کارگەی کلتوور لەسلێمانی دروست دەکرێت، هۆڵەکە بۆ چەند وەرزشێک بەکاردێت لەنێویاندا بۆ راهێنانی شاخەوانی.

هۆڵە وەرزشیەکە 1500 مەترە، بڕی ئەو پارەیەی بۆی دیاریکراوە 90 ملیۆن دینارە و سێ مانگە دەستکراوە بە دروستکردنی هێشتا %50ی کارەکانی تەواو نەبووە.

خەبات مارف، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی کارگەی کلتوور بۆ 964 قسەیکرد و دەڵێت، لە هۆڵەکە دیواربەندێک هەیە شاخەوانەکان دەتوانن راهێنانی لەسەر ئەنجامبدەن، جگە لەوە دەتوانن ماسوڵکەکانیان لەو هۆڵە بەهێز بکەن.

خەبات مارف باس لەوەش دەکات، بەشێکی دیکەی هۆڵەکە دەکرێت بە تاتان، بۆ هەموو جۆرە وەرزشێکی وەک لەش جوانی، کاراتی، کیک بۆکسینگ و تێنس بەکاردێت.

هۆڵە وەرزشیەکە لەسەر بودجەی پارێزگا و هاوکاری دوو کۆمپانیای دیکە جێبەجێدەکرێت.

عومەر بەرکێو، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە تۆڕی 964ی وت، هۆکاری دروستکردنی ئەو هۆڵە بۆ گەشەسەندنی وەرزشی شاخەوانی دەگەڕێتەوە کە لە ساڵی 2015-ەوە، بایەخی پەیدا کردووە.

بەوتەی عومەر بەرکێو، ئێستا شاخەوانی بۆتە کلتوور، بەجۆرێک لە شاری سلێمانی ژمارەی ئەو کەسانەی خەریکی ئەو وەرزشەن، 2000 بۆ 2500 کەسە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی