گەنم بە ئۆتۆمبێل
دواى 10 ساڵ ناکۆکى؛ چین و کەنەدا رێککەوتنێکى ستراتیژیان واژۆ کرد
964+
وریا فەتاح
دوای نزیکەی 10 ساڵ لە ساردی و ئاڵۆزی، پەیوەندییەکانی ئۆتاوا و پەکین وەرچەرخانێکی مێژووییان بەخۆوە بینی. مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، لە پەکین لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین کۆبووەوە و پێکەوە “هاوبەشییەکی ستراتیژیی نوێ”یان راگەیاند.
ئەم ڕێککەوتنە لەسەر بنەمای “سازشکردنی دوولایەنە” بونیاد نراوە بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییە بازرگانییەکان.
ریککەوتنەکە بەم شێوەیەیە، کەنەدا رێگە دەدات بە هاتنە ناوەوەی 49,000 ئۆتۆمبێلی کارەبایی چینی بۆ بازاڕەکانی بە باجێکى گومرگى کەم کە تەنیا 6.1%ـە. ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر باجەکە 100% بوو.
لە بەرامبەردا، چین باجى گومرگى سەر “دانەوێلە”ی کەنەدی کەمکردەوە بۆ نزیکەی 15%، کە ئەمەش هەناسەیەکی گەورە بە جوتیارانی کەنەدا دەبەخشێت.
ئەم هەنگاوەی کەنەدا بە وردی لەلایەن ئەمریکاوە چاودێری دەکرێت، کارنی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وتی: “پەیوەندی لەگەڵ چین پێشبینیکراوترە وەک لە پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا.” ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ بێزاریی ئۆتاوا لە باجى گومرگى و جەنگی بازرگانیی ترەمپ کە کاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕی ئەمریکای باکوور هەبووە.