مەترسییەکانى کەمکردەوە

هاتووچۆی دەربەندیخان چاڵەکانی رێگای زەڕایەنی پڕکردەوە

964+

میلاد جەلال- گەرمیان

بەڕێوەبەر و کارمەندانی هاتووچۆی دەربەندیخان، لە هەڵمەتێکدا چاڵ و چۆڵییەکانی رێگای سەرەکی نێوان (دەربەندیخان – زەڕایەن)یان بە قیر پڕکردەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ.

جاسم محەمەد، بەڕێوەبەری هاتووچۆی دەربەندیخان بە 964ـى راگەیاند، “ئەو چاڵانەمان بە قیر پڕکردەوە کە زۆر گەورە بوون و ببوونە مەترسی جدی لەسەر ژیانی شۆفێران و دروستبوونی رووداوی هاتووچۆ”.

بەڕێوەبەری هاتووچۆ ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەهۆی زۆری چاڵەکانەوە تەنیا توانیویانە چاڵە گەورەکان پڕبکەنەوە و وتیشی، “داواکارین لایەنی پەیوەندیدار بێنەسەرخەت و هەموو چاڵەکانی رێگای دەربەندیخان بۆ زەڕایەن چاک بکەنەوە، بۆ ئەوەی کارەسات دروست نەبێت”.

رێگای دەربەندیخان – زەڕایەن یەکێکە لە رێگا پڕنشێوەکان و بەردەوام شۆفێران بەدەست خراپی کوالێتی رێگاکە و هەبوونی چاڵ و چۆڵییەوە دەناڵێنن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح