دەستگیرکراوەکان کە ئاسایش بڵاوی کردووەتەوە
ئاسایش: دانیان بە تاوانەکەدا ناوە
دوو تۆمەتبار لەسەر رووداوەکەی گوندی دسکەرە دەستگیرکرا
964+
ئەحمەد مستەفا
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی رووداوێکی “کوشتن” لە گوندی دسکەرەی قەزای شارەزوور راگەیاند، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 15.1.2026، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور لەڕووداوێکی کوشتن لەگوندی دسکەرەی قەزای شارەزوور ئاگادارکرایەوە.
دەستبەجێ لەسەر بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە ئەنجام دراوە، وەک دەزگاکە باسی کردووە.
دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لەسەر رووداوەکە دوو تۆمەتبار بەمەبەستی لێکۆڵینەوە دەستگیرکران کەپێکهاتبوون لە “خێزان و کچی” کوژراو، لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکان هەردوو تۆمەتبار دانیان بەتاوانەکەداناوە کە هەستاون بە کوشتنی هاوڵاتی “شاخەوان حسێن عەبدوڵا”.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێ، لە ئێستادا تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بەماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکەیان بەردەوامە.
ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 ی ساڵی 1969 باس لە بارودۆخەکانی توندکردنی سزای تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست دەکات ،بە جۆرێک بەپێی ئەم ماددەیە سزای کوشتن لەم بارودۆخانەدا دەبێتە لەسێدارەدان، لەجیاتی ئەو سزایەی کە لە ماددە 405 بۆ کوشتنی بە ئەنقەست دیاری کراوە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 15.1.2026 تەرمی هاوڵاتیەکی تەمەن 44 ساڵ لەگوندی دسکەرەی سەربەناحیەی زەڕایەن دۆزرایەوە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی گشتی شەهید رەئوف بەگ لە شارەزوور.
کەمال کاکە ئەحمەد، بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ لەشارەزوور ئەوکات بۆ 964 وتی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە لە بوونی تەرمێک لە گوندی دسکەرەی خواروو.
وتیشی، پاش دەرچوونی تیمەکانی تەندروستی نەخۆشخانەکەمان تەرمی پیاوێکی 44 ساڵ بەناوی ( ش.ح) گەیاندووەتە فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەما، پاش رێکارە تەندروستی یەکان تەرمەکە ڕەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە.