کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی ئیلهام ئەحمەد
"تۆمەت دروست کراوە"
ئیلهام ئەحمەد: ئەندامانی عەلەویی لە سەنگەرەکانی ئێمە نین
964+
ئەحمەد مستەفا
ئیلهام ئەحمەد دەڵێ، هیچ پەیوەندییەکی سەربازی هاوبەش لەنێوان ئیدارەی خۆسەر، لەگەڵ عەلەوی و دروزەکان نییە، بەڵکو هەر هاوکارییەک هەبووبێ، مرۆیی بووە لەو کاتانەی رووبەڕوی هێرش بوونەتەوە.
وەک ئیلهام ئەحمەد،بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووری باسی کرد، ئەوەش ئێستا کراوە بە بیانووی ئەوەی، هێرشی جۆراوجۆر بکرێتە سەر ئیدارەی خۆسەر، کە هاوکاری سەربازی و پەیوەندی لەگەڵ عەلەوی و دروزەکان هەیە.
ئەم ئێوارەیە، ئیلهام ئەحمەد لە رێگەی ئۆنڵاین کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ میدیا کوردی و جیهانییەکان رێکخست، لەبارەی تۆمەتی هەبوونی ئەندامانی عەلەوی لەگەڵ هێزەکانی ئیدارەی خۆسەر ئەو رەتی کردەوە هیچ هەماهەنگییەکی سەربازی هەبێت، وەک خۆی باسی کرد، هاوکاری مرۆیی کراوە بە بیانوو بۆ دروستکردنی ئەو تۆمەتانە.
دروزەکان، پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی و کەمە نەتەوەیی سوریان، عەلەوییەکانیش پاشماوەی رژێمی و بنەماڵە شوێن کەوتووەکانی ئەسەدن، ئێستا ئەوان وەک کەمینە وان و سەرەتای گۆڕینی رژێم لە سوریا، حکومەتی کاتی لە چەندین دۆخدا هێرشی کردووەتە سەریان.
لەبارەی هاوکاری باشووری کوردستان و رۆڵ بۆ دەرفەتدان بە گفتوگۆ لە هێرشەکانی سەر حەلەب “شێخ مەقسود و ئەشرەفیە”، ئیلهام ئەحمەد وتی، لەسەر داواکاری ئێمە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیوەندی بە ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا کردووە، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ رووونەدانی گرژی.
هەر ئەم ئێوارەیە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری هەرێمی باکور و رۆژهەڵاتی سووریا، لە راگەیەندراوێکدا، سەرکۆنەی ئەو گرژییانەی کرد کە لەلایەن گرووپەکانی سەربە حکومەتی ڕاگوزەری دیمەشقەوە ئەنجام دەدرێن.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هەڵگیرساندنی شەڕی نوێ و پەنابردن بۆ بژاردەی سەربازی کارێکی بێ پاساوە و تەنیا دەبێتە هۆی بەرتەسککردنەوەی هەر پڕۆسەیەکی سیاسیی جیدی، لە هەمان کاتدا ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە و دابەشبوونەکان قووڵتر دەکات.