"بە ماڵ و بە گیان فیدای ئەم ئاڵایەم"
گەنجێکی سلێمانی بە ئاڵای کوردستانەوە شاخڕەوی دەکات
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
گەنجێکی سلێمانی ئاڵایەکی کوردستانی بەدەستییەوە گرتووە و بەپێ سەردەکەوێت بۆ شاخی گۆیژە و دەڵێت، ئەمە پەیامێکە بۆ هەندێک کەس و خۆاین تێدەگەن، ئێرە کوردستانە و خاکی خۆمانە، “بە ماڵ و بە گیان فیدای ئەم ئاڵایەم”
فەیسەڵ یونس ئەو گەنجەیە کە بە ئاڵایەکی کوردستانەوە لە دۆڵە میرە سەرنجی دیلانی پەیامنێری بەلای خۆیدا راکێشا و دیلانیش هەر زوو خۆی گەیاندە لای و لێی پرسی بەم ئاڵایەوە چی دەکەی لێرە؟
فەیسەڵ وتی، هەر حەزم لە شاخڕەویە و ویستمان جەوێک بگۆڕین و لەدوای رووداوەکانی رۆژئاواشەوە هەستی نیشتمانپەروەریم بەرزبووەتەوە، بەم ئاڵای کوردستانەش بە هەندێک کەس دەڵێم، “ئێرە کوردستانە”.
دیلان لێی پرسی ئامادەی چی بکەی بۆ کوردستان؟ لە وەلامدا ئەو گەنجە خوێن گەرمە دەڵێت، ئامادەم بە ماڵ و بە گیان خۆم فیدای ئەم خاکە بکە.
دەشڵێت، لەوانەیە خەڵک نەزانن، بەڵام نەوەی زێد زۆر هۆشیارن، زانستیان پێیە و تێگەیشتوون، ئامادەن بۆ ئەم خاکە بجەنگن، لە هیچیش ناترسین، یەک جار دەمرین و بە شەرەف و مەردانە لەپێناو خاکی خۆمان دەمرین.
کۆتا پەیامی خۆشی بۆ خەڵک جێهێشت و وتی، “کورد بوون شەرەفە و بەهەموو کەسێک نابەخشرێ”
پێداچوونەوە: ژێوار خدر