هێشتا ترس هەیە

ئێران ئاسمانی خۆی كردەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئەم بەیانییە وڵاتی ئێران ئاسمانی خۆی بە رووی گەشتەكانی فڕۆكە كردەوە، كە بە شێوەیەكی كاتی دایخستبوو.

میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، دەسەڵاتدارانی وڵاتەكە ئاسمانیان كردەوە بە رووی گەشت و جوڵەكانی فڕۆكە، دوای ئەوەی بۆ پێنج سەعات ئاسمانیان داخستبوو.

شەوی رابردوو دەسەڵاتدارانی ئێران بڕیاری داخستنی ئاسمانی وڵاتەكەیان دا، تەنیا بۆ گەشتە نێودەوڵەتییەكان نەبێت، كە بە مۆڵەت وەرگرتن دەتوانن بێنە ئاسمانی وڵاتەكەوە.

ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت، ترس هەیە لە هێرشی ئەمریكا بۆ سەر ئێران، هەر ئەمەش وایكردووە لە رۆژانی رابردووەوە و تا ئێستا چەندین كۆمپانیای فڕۆكەوانی گەشتەكانیان بۆ ئێران و هەروەها بۆ ئیسرائیلیش هەڵوەشاندووەتەوە.
هەروەها هەفتەی رابردوو هێڵە ئاسمانییەکانی وەک فلای دوبەی، توركیش ئێرلاینس ژمارەیەک گەشتەكانیان بۆ ئێران هەڵوەشاندەوە، ئەمە جگە لەوەی كۆمپانیای لوفتانسا چوارشەممەی رابردوو رایگەیاند، تا كاتێكی نادیار گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ ئێران و عێراق رادەگرن.

دوو هەفتە زیاترە بەهۆی خراپیی بارودۆخی دارایی و ئابووری، خۆپێشاندان و ناڕەزایی توند سەرانسەری ئێرانی گرتووەتەوە و تا ئێستا دەیان كوژراو و بریندار لە هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەكان هەن و رەوشەكەش هەروەك خۆیەتی.

"ئەمریکا لە 24 کاتژمێری داهاتوودا هێرش دەکاتەسەر ئێران"