لە هەرێمی کوردستان

یەک لە چواری هاوسەرەکان بەجیابوونەوە کۆتایی دێت

964+

ئەحمەد مستەفا -سلێمانی
بەپێی ئامارە فەرمییەکان بێت ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان، لەهەر چوار پرۆسەیەکی هاوسەرگیری یەکێکیان بە جیابونەوە کۆتایی هاتووە، دادوەرێکیش رەخنە لە ناوەرۆکی گرێبەستی هاوسەرگیری دەگرێت و دەڵێت “بەهۆی خراپی ناوەرۆکی گرێبەستی هاوسەرگیری پرۆسەکە بۆتە رۆتین”.

دادوەرێک کە هاوكات ئەندامی داواکاری گشتییە، نەویست ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ تۆڕی 964 قسەیکرد دەڵێت “رێکارەکانی ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری بۆتە رۆتین، ئەو ئاسانکارییەی لە پرۆسەی هاوسەرگیری هەیە، هۆکارە بۆ ئەو ئامارە شۆکهێنەرانەی رۆژانە لەبارەی داوای جیابوونەوە دەیبینین”.

بەگوێرەی نوسراوێک کە دەست 964 کەوتووە، ئەندامێکی داواکاری گشتی سلێمانی، لە وەڵامی نوسراوێکی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی، داوای گۆرانکاری لە هەریەکە لە کڵێشەی هاوسەرگیری، ڕێکارەکان و سوود وەرگرتن لە بڕگە و ماددەکانی نێو یاسایی باری کەسێتی بۆ دەرچوونی ڕێنمایی نوێ کردووە.
لە نوسراوەکەی داواکاری گشتی ئەوەش هاتووە، “ڕێنمایی و شێوەی گرێبەستەکە کوڕان و کچان ناخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی”.

بەگوێرەی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی هاوسەرگیری لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2015ی هەمواری دووەمی جێبەجێکردنی یاسای باری کەسیەتی رێکخراوە.
جیهاد عومەر، توێژەری کۆمەڵایەتیە، بە تۆڕی 964ی وت، “کلێشەی ئێستای گرێبەستی هاوسەرگیری زۆر ناشرین و بێ ناوەرۆکە، کاتێک لە هاوسەرەکان دەپرسین نازانن ناوەرۆکی گرێبەستەکەیان چییە”.

توێژەرێک: زاوایەک داوای جیابوونەوەی لە خێزانەکەی کردووە تەنیا لەبەر ئەوەی خەزووری پێی وتوە چاکەتەکەت ناشرینە و با من چاکەتێکی ترت بۆ بکڕم، زاواکە وتویەتی خەزوورم ئیهانەی کردووم.

جیهاد عومەر ئەوەشی وت، “دیارترین کەیسی جیابوونەوەکان، کێشەی لەچک، سەردانی ماڵی خەزوور، چوونە دەرەوە، ئیهانەکردن، توندوتیژی و تەنانەت گۆڕینەوەی هاوسەرەیش هەیە”.

بەگوێرەی ئاماری 10 ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان، هەموو ساڵێک رێژەی جیابوونەوە بەرزتر بۆتەوە.
ساڵی 2013 شەش هەزار و 417 دۆسیەی جیابوونەوە تۆمارکراوە.
ساڵی 2014 هەشت هەزار و 777 دۆسیەی جیابوونەوە تۆمارکراوە.
ساڵی 2015 هەشت هەزار و 621 دۆسیەی جیابوونەوە تۆمارکراوە.
ساڵی 2016 شەش هەزار و 250 دۆسیەی جیابوونەوە تۆمارکراوە.
ساڵی 2017 شەش هەزار و 271 دۆسیەی جیابوونەوە تۆمارکراوە.
ساڵی 2018 نۆ هەزار و 192 دۆسیەی جیابوونەوە تۆمارکراوە.
ساڵی 2019 لە هەرێمی کوردستان 10هەزار و 883 دۆسیەی جیابوونەوە تۆمارکراوە.
ساڵی 2020 حەوت هەزار و 566 دۆسیەی جیابوونەوە تۆمارکراوە.
ساڵی 2021 ئەو رێژەیە زیاتر بەرزبۆتەوە، بەجۆرێک لەو ساڵە 11 هەزار و 672 دۆسیەی جیابوونەوە تۆمارکراوە.
هەروەها بە گوێرەی ئامارەكانی ساڵی 2022، تەنیا لە هەشت مانگی ئەو ساڵە، نۆ هەزار و 557 داوای جیابوونەوە لە دادگاکانی باری کەسیەتی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی