تیمێکی پسپۆڕی بەریتانی پشکنینیان بۆ کرد
گەشتێکی زانستی بۆ ئەشکەوتە سیحراوییەکەی چیای سەراورد ئەنجامدرا
964+
فەرهاد حەسەن
تیمێکی پسپۆڕی بەریتانی، بە نوێنەرایەتی فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان و گروپی شاخەوانی هەریر، گەشتێکی زانستی بۆ ئەشکەوتە سیحراوییەکەی چیای سەراورد ئەنجامدا و لەرێگەی ئامێری تایبەتەوە و لە رووی جیۆلۆجییەوە پشکنینیان بۆ کرد.
ئەشکەوتەکە ناوی “کونی هەشیارۆک”ـه، هەڵکەوتە و شێوە جیۆلۆجییەکەی سەرەنجڕاکێشە و دەکەوێتە گوندی ئەشکەفتە، بناری چیای سەراورد لە قەزای هەریر،
سۆزدار ئەحمەد، نوێنەری فیدراسیۆنی شاخەوانی بە 964ـى وت، تیمە بەریتانییەکە پسپۆڕی ئەشکەوتەوانی بوون دوای مۆڵەت وەرگرتنیان لەلایەن حکومەتەوە لێکۆڵینەوەی وردی جیۆلۆجی و نەخشەسازی ناو ئەشکەوتەکەیان کرد.
وتیشی “لەگەڵ تیمەکە ماوەی چوار کاتژمێر لە ناو جەرگەی ئەشکەوتەکەدا ماینەوە و لێکۆڵینەوەکەیان لە پێکهاتەی بەرد و شێوازی دروستبوونی ئەشکەوتەکە کرد”.
ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە ناو ئەشکەوتەکە پشکنین بۆ رێڕەوە باریکەکان و قووڵایی ئەشکەوتەکەش لەرێگەی ئامێری پێشکەوتوو ئەنجامدرا و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ژینگەی ناو ئەشکەوتەکانیش روونکرایەوە.