زیانەکەی 3 ملیۆن دینارە
سەگی بێلانە “کۆمەڵکوژی” لە پەلەوەرەکانی ماڵێک دەکات
964+
ئەمەل ناجى- هەڵەبجە
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، چەند سەگێکی بێلانە پەلاماری حەوشەی ماڵێکیان داوە و زیاتر لە 200 پەلەوەری جۆراوجۆریان لەناو بردووە، خاوەنەکەشی دەڵێت زیانی 3 ملیۆن دیناری بەرکەوتووە.
سامان شەوکەت، خاوەنی پەلەوەرەکان بە 964ـی وت: “پەلەوەرەکان جۆراوجۆر و بەنرخ بوون، تەنیا 8 قازیان کوشتووە کە نرخی جووتێکیان 300 هەزار دینارە، کۆی زیانەکان بە 3 ملیۆن دینار دەخەمڵێندرێت.”
ئەو هاووڵاتییە دەڵێت، چەند ساڵێک پێش ئێستاش بە هەمان شێوە سەگی بێلانە زیانی نزیکەی 1,700 دۆلاریان لێداوە.
سامان شەوکەت نیگەرانی خۆی نیشاندا و وتی: “دوو قوتابخانە لە نزیک ماڵمانە و منداڵی بچووکم هەیە، ترسم هەیە جارێکی تر سەگەکان پەلاماری منداڵێک یان کەسێکی بەتەمەن بدەن، چونکە زیانی گیانی بە هیچ قەرەبوو ناکرێتەوە.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح