"سیم كارت وەک زێر و پارەیە"
هێشتا سیم كارت هەیە نرخی دەگاتە 20 دەفتەر دۆلار
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
هێشتا لە بازاڕی كوردستان و بە تایبەتی هەولێر، ژمارەی جوانی سیم كارتی مۆبایل رەواجی خۆی لەدەستنەداوە، فرۆشیارێكی سیم كارتیش دەڵێت سیم كارتی 445 هەیە بە دووسەد هەزار دۆلارە.
لەگەڵ ئەوەی باروگوزەرانی هاوڵاتیان وەك پێویست نییە، بەڵام بازاڕی سیم كارت ئەوەندە گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە و بە قسەی فرۆشیارانی ئەم بازاڕە، كەمێك نرخەكان كەمبوونەتەوە.
بەختەوەر جەعفەر، ماوەی 15 ساڵە كاری كڕین و فرۆشتنی ژمارەی سیم كارتی مۆبایل دەكات و بۆ 964 دەڵێت، “ئێستاش نرخی ژمارەی جوان هەر وەك خۆیەتی، تایبەت 445ی كۆرەك، هیچی لە حەوت هەزار دۆلار كەمتر نییە و برادەریشمان هەیە بە پازدە تا بیست دەفتەر دۆلار (150 تا 200 هەزار دۆلار) ژمارەی كڕیوە”.
“بەشێكی هاوڵاتیان لەم بابەتە هەڵە تێگەیشتوون، ئەمە وەك چەكێكی پارەیە وایە، هەمیشە ئامادەیە، نموونە ئۆتۆمبێل دەكڕیت بە پێنج دەفتەر دەسووتێ، بەڵام ئەو ژمارەیە دەتوانی بچی بیفرۆشی، یان ئەگەر سووتا دەچیت لە كۆمپانیا وەریدەگریتەوە”، ئەمە قسەی بەختەوەر جەعفەرە.
وتیشی، لە دوای ئەو كێشانەی لەسەر هێڵەكانی كۆرەكیش هەبوو، نرخەكان هەر وەكو خۆیەتی، هەروەها ئێمە بەبێ بەناوكردن سیم كارت نافرۆشین .
هێڵی كۆرەك تیلیكۆم یەكێكە لە هێڵەكانی پەیوەندیكردنی تەلەفۆنی مۆبایل و زیاتر لە هەولێر و دهۆك و زاخۆ هاوڵاتیان بەكاری دەهێنن و هێڵەكە لە سەرانسەری عێراق كار دەكات و بەشداربووی زۆری هەیە، ژمارەی ئەو سیم كارتانەشی كە بە 445 دەستپێدەكەن، نرخیان لە بازاڕ زۆر بەرزە و وەك ئەو فرۆشیارانەی بازاڕی هەولێر باسی دەكەن، هەرزانترینان بە حەوت هەزار دۆلارە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا