سەید عەلی سیستانی-مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق
نزیکەکانی لە بەیاننامەیەکدا
سیستانی پشتگیری کاندیدی دووبارە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ناکات
964+
ئەحمەد مستەفا
قسەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، گەیەندراوە بە عەلی سیستانی مەرجەعى باڵاى شیعەکانى عێراق لەبارەی کاندیدی داهاتوو بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
بەیاننامەیەک لەلایەن نزیکەکانی مەرجەعییەتی باڵای شیعە لە عێراق دەرکراوە، دەڵن، مەرجەعیەت رەتیدەکاتەوە پشتگیرى ناوی کاندیدێكی دووبارە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران عێراق بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11.1.2026، عەبدولهادی حەکیم، کە نزیکە لە عەلی سیستانی مەرجەعى باڵاى شیعەکانى عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ، پەیامی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییان گەیاندووەتە، بە عەلی سیستانی مەرجەعى باڵاى شیعەکانى عێراق بۆ دیاری کردنى کاندیدی سەرۆک وەزیرانى نوێی عێراق.
ئەو وتی، وەڵامى عەلی سیستانى بۆ سەرکردەکانى چوارچێوەی هەماهەنگی بریتییە لەوەی كە دەسەڵاتی باڵای ئایینی پێشتر روونی کردبووەوە، کەرەتیدەکاتەوە پشتگیرى ناوی کاندیدێكی دووبارە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بکات.
شەوی رابردوو، زۆربەی کەناڵە عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، کە محەمەد شیاع سودانی لە بەرژەوەندی نوری مالیکی لە کاندید بوون بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کشاوەتەوە و ئێستا مالیکی تاکە کاندیدی چواچێوەی هەماهەنگییە، بەڵام تائێستا چوارچێوەی هەماهەنگی هیچ راگەیەندراوێکی رەسمی نەبووە.
نوری مالیکی پێشتر لە دوو خولدا پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی لە 2006 بۆ 2014 وەرگرتووە و لە خولێکی دیکەدا، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق بووە، ئەو کە ئێستا تەمەنی 57 ساڵە ئەمینداری گشتی دەوڵەتی یاسایە.