"یاسایەکی سەردەمی بەعس هێشتا سەگ دەکوژێت"

ئاژەڵپارێزانی کوردستان لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگیان هەڵبڕی

964+

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

رێکخراوی ئاژەڵپارێزانی کوردستان لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر کۆبوونەوە و بە دروشمی “نا بۆ کوشتنی سەگ” دەنگیان هەڵبڕی، ئەوان رەخنەی توند لەوە دەگرن کە عێراق لەبری دروستکردنی پەناگە، گولـلە بەکاردێنێت و هێشتا بە یاسا و عەقڵیەتی ساڵانی حەفتاکان مامەڵە لەگەڵ سەگە بێلانەکان دەکات.

ناوات حوسامەدین، چالاکوانی ئاژەڵپارێز بە 964ـی وت، تەنیا لە بەغدا نزیکەی 20 هەزار سەگی سەر شەقامەکان کوژراون، کە زۆربەیان بێچووە سەگ و دایکی شیردەر بوون.
دەشڵێت، عێراق بەم هەموو بودجە و داهاتەوە، لەبری ئەوەی پەناگەیەک (شێڵتەر) بۆ پاراستنی ئەم ئاژەڵانە دروست بکات، ئاسانترین و دڕندانەترین رێگە کە کوشتنە هەڵدەبژێرێت.

بە وتەی ئاژەڵپارێزان، ئەو یاسایەی ئێستا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سەگە بێلانەکان بەکاردێت، یاسایەکی سەردەمی سەدام حسێنە کە لە ساڵی 1970وە دانراوە و تا ئێستاش نەگۆڕدراوە، ئەوان داوا دەکەن ئەم یاسایە هەڵبوەشێتەوە و حکومەت بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵبگرێت بۆ دابینکردنی شوێنی شیاو، چونکە وەک خۆیان دەڵێن “ئەم خاکە تەنیا هی مرۆڤ نییە و ئاژەڵەکانیش تێیدا هاوبەشن”.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

هەولێر؛ هەشت هەزار و 437 سەگی بێلانە لە شەقام و گەڕەکەکا...

هەولێر؛ هەشت هەزار و 437 سەگی بێلانە لە شەقام و گەڕەکەکان کۆکراونەتەوە