رەزا پەهلەوی کێیە؟
ئایا شا بە ئێران شاد دەبێتەوە؟
964+
شۆڕش قادری
رەزا پەهلەوی کوڕە گەورەی محەمەد رەزا شا دوایین شای ئێران لەدایکبووی ساڵی 1960ـە و بەیەکێک لە سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئێستای ئەو وڵاتە ناوزەد دەکرێت.
رەزا پەهلەوی لە تەمەنی 17 ساڵیدا بۆ خوێندنی سەربازیی چووەتە ئەمریکا و خولی فێربوونی فڕۆکەوانی فڕۆکە جەنگییەکانی لە بنکەی ئاسمانی ریس لە ویلایەتی تەکساس بینیوە، ساڵێک دواتر و دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و رووخانی دەسەڵاتی باوکی، نەیتوانی بگەڕێتەوە ئێران و هەر لە ئەمریکا مایەوە.
پەهلەوی خۆی بە میراتگری باوکی دەزانێت، دوای کۆچی دوایی محەمەد رەزا شا لە ساڵی 1980 نازناوی شای دووەمی وەرگرت و دەستی بە چالاکی سیاسیی لە دەرەوەی وڵات کرد، ئێستاش هەرجارێک لە ئێران ناڕەزایەتی سەرهەڵدەدا خۆی بەنوێنەری خەڵک دەزانێت و ناوە ناوە لێدوان و راگەیەنراو دژ بە حکومەتی ئێران دەردەکات، لە دوایین لێدوانیشیدا دەڵێت، “خەریکی خۆ ئامادەکردنم بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە نیشتمانەکەم”.
هەرچەندە لە خۆپیشاندانی بەشێک لە شارەکان ناوی رەزا پەهلەوی دەهێنرێت و داوای گەڕانەوەی دەکەن، بەڵام جگە لە سەڵتەنەت خوازەکان، لایەنگرێکی ئەوتۆی لەناو خەڵکی ناڕازی ئێستای ئێراندا و بەتایبەتیش کوردـدا نییە، چونکە پێیانوایە، گیا لەسەر پنجی خۆی شین دەبێتەوە و ناتوانێت ببێت بە فریادرەسی گەلانی ئێران.