"خەمتان نەبێ و ئامادەین"
لەژێر پردی سەیداوە دیسان بەزمەکەیە و ئاو کۆبووەتەوە
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
لەژێر پردی سەیداوەی هەولێر دیسان بەزمەکەیە و ئاو کۆبووەتەوە، تیمەکانی ژینگەپارێزیش دەڵێن، خەمتان نەبێ و ئامادەی رووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی نەخوازراوین.
ئەمشەو دوای ئەوەی شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ رووی لە هەولێری پایەتخت کرد، دووبارە ئاو لەژێر پردی سەیداوە کۆبووەوە، سەبارەت بەو رووداوە هەرزوو 964 پەیوەندیکرد بە ژیار جەلال بەڕێوبەری خزمەتگوزاری ژینگەپارێزیی هەولێر، ئەو وتی، “هەمیشە پێش هەر شەپۆلێکی بارانبارین پێشوەختە ئامادەكاری دەكەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، ئەمڕۆش هەرچەندە هەینییە و پشووە، بەڵام کارمەندەکانمان لە ئامادەباشیدان و خەمی هیچتان نەبێ.”
لەگەڵ هەر بارانبارینێک، ئاو لەژێر پردی سەیداوە کۆدەبێتەوە، بۆیە رۆژی 6.12.2025 بەبڕیارێک راگرتنی ئۆتۆمبێل لەژێر پردەکە قەدەغە کرا، چونکە ساڵانی پێشوو، کۆبوونەوەی ئاو و لافاو لەو شوێنە زیانی بە ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانی شارەکە گەیاندووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری