"خەڵکی سلێمانییە و لە خورماتوو تووشی ئەو رووداوە بووە"
هاوڵاتییەک ئۆتۆمبێل لێیدا و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
شۆفێرێک لەسەر رێگەی سەرەکی کەرکوک – بەغدا لەنێو سەنتەری خورماتوو ئۆتۆمبێلەکەی رادەگرێت و بەپیادە دەچێتە دەرمانخانەیەکی سایدی بەرامبەر بۆ کڕینی دەرمان، لەکاتی پەرینەوەدا ئۆتۆمبێلێک بەخێرایی خۆی پێدا دەکێشێت و دەستبەجێ گیان لەدەستدەدات.
ئیبراهیم خالد، ئێشکگر لەنەخۆشخانەی گشتی خورماتوو بە964ـی وت، “کەمێک پێش ئێستا تەرمی هاوڵاتیەک گەیەندرایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان و دەرکەوت کە هاوڵاتییەکە لەسەر شەقامی سەرەکی کەرکوک – بەغدا ئۆتۆمبێل لێیداوە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە هەر لەشوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە”.
وتیشی، هاوڵاتییەکە تەمەنی 45 ساڵە و دانیشتووی شاری سلێمانیە و لەشاری بەغدا گەڕاوەتەوە، لە شەقامێکی سەرەکی نێو سەرنتەری قەزاکە ئۆتۆمبێلەکەی راگرتووە و بەپیادە چووەتە دەرمانخانەیەکی سایدی بەرامبەر بۆ کڕینی دەرمان، لەکاتی پەڕینەوەدا ئۆتۆمبێلێکی جۆری سۆناتا بەخێرایەکی زۆر خۆی پێداکێشاوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
بەپێی زانیارییەکانی 964 هەر دوای رووداوەکە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە خۆی رادەستی پۆلیسی خورماتوو کردووە و لێکوڵینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری