وێنەى مزگەوتێک لە ئەمریکا
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر:
ژمارەی مزگەوتەکان ئەمریکا بەڕێژەی 30% زیادیانکردووە
964+
وریا فەتاح
کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر ئامارێکی نوێی لەبارەی ژمارەی مزگەوتەکان لە سەرتاسەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاوکردەوە، کە نیشانی دەدات لە ماوەی 10 ساڵدا گەشەکردنێکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە.
بەپێی راپۆرتێکی “پەیمانگای سیاسەتی کۆمەڵایەتی و تێگەیشتن” کە کونسوڵخانەکە ئاماژەی پێکردووە، لە ئێستادا زیاتر لە 2,700 مزگەوت لە سەرتاسەری ئەمریکادا هەن، لە بیابانەکانی نیو مێکسیکۆوە تا کێڵگەکانی ئۆهایۆ و شەقامە قەرەباڵغەکانی نیویۆرک.
ئامارەکان دەری دەخەن کە لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2020، ژمارەی مزگەوتەکان لە ئەمریکا بە رێژەی زیاتر لە 30% زیادیانکردووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ فراوانبوونی ئامادەیی و چالاکیی کۆمەڵگە موسڵمانەکان لەو وڵاتەدا.
پەیمانگاکە ساڵانە کار لەسەر تۆمارکردنی پێشهات و چالاکییەکانی هاوڵاتیانی ئەمریکی موسڵمان دەکات و ئەم ئامارانەش وەک بەشێک لە راپرسییەکی سەرتاسەری بڵاوکراونەتەوە کە رەوشی ئایینی و کۆمەڵایەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەخاتە ڕوو.