"VPN کارناکات"
12 کاتژمێرە ئێران بێ ئینتەرنێتە و بلۆک کراوە
964+
پەری ساڵح
پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ئێران بۆ ماوەی زیاتر لە 12 کاتژمێر بەردەوامە و راپۆرتەکانی ئەم دواییە ئاماژەیان بەوەکردووە کە پچڕانی خزمەتگوزارییەکان کاریگەری لەسەر تەواوی وڵات هەبووە .
نێتبلۆکس کە رێکخراوێکی نێودەوڵەتی تایبەتە بە چاودێریکردنی ئینتەرنێت، رایگەیاندووە کە دەستڕاگەیشتنی هاوڵاتیانی ئێران بە ئینتەرنێتی جیهان بە تەواوەتی بلۆک کراوە و تا ئێستا هیچ نیشانەیەک بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاری نەبووە.
دەشڵێت، تۆڕەکانی سۆشیال میدیا و بەرنامەکانی نامە ناردن و ماڵپەڕە بیانییەکان تا رادەیەکی زۆر دەستیان پێناگات و VPN لە زۆر بواردا کارناکەن، ئەپەکانی نامە ناردنی ناوخۆییش تووشی پچڕان بوون، ئەمەش وایکردووە پەیوەندی ئاسایی بۆ بەکارهێنەران نزیکە لە مەحاڵ.
نزیکەی هەفتەیەکە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە، بەهۆی داڕمانی تمەنەوە، هێزە ئەمنییەکانیش بەرامبەر خۆپیشانداران توندوتیژیان نواندووە و شەوی رابردووش بەشێک لە هاوڵاتیانی تاران رژانە سەرشەقام.