زیاتر لە 100 کەس بریندارن

ئاسایشى ئەشرەفییە و شێخ مەقسود بۆ 964: تائێستا 23 کەس گیانیان بەخشیوە

964+

وریا فەتاح

ئاسایشی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب، لە نوێترین زانیاریاندا بۆ 964 رایانگەیاند، دوای ئەوەی حکومەتی دیمەشق وەڵامی دەستپێشخەرییەکانی ئاشتی نەدایەوە، کاتژمێر 9:00ـى ئەمشەو هێرشی زەمینی بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکان لە سێ میحوەرەوە دەستپێکردووە.

بەپێی زانیارییەکانی ئاسایش، سوپای سووریا سوودی لە فصائلە توندڕەوەکانی ناسراو بە “عەسائیب ئەلحەمرا” و هێزەکانی ئیدلب وەرگرتووە، هێرشەکە بە سەرپەرشتی لیوا عەلی نەعسان، سەرۆکی ئەرکانی سوپای سووریا و بە پاڵپشتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “بایرەکتار”ی تورکی ئەنجام دەدرێت.

ئاسایش شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، بۆ 964 ئاشکراى دەکات، تا ئێستا 23 گیانیان بەخشیوە و زیاتر لە 100 کەسیش بریندار بوون کە لە نێویاندا 11 منداڵ و 12 ژن هەن.

دەشڵێت: بەهۆی بۆردومانەکانەوە، هەردوو نەخۆشخانەی (عوسمان) و (خالید فەجر) بەتەواوی لە خزمەتگوزاری کەوتوون و ژمارەیەکی زۆر خێزان لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکاندا ماونەتەوە.

لەبارەى دۆخى ناوچەکە، ئاسایشى ناوخۆى ئەشرەفییە و شێخ مەقسود دەڵێت: لە سێ رۆژی ڕابردوودا، لە کۆی 500 هەزار دانیشتووی گەڕەکەکە، نزیکەی 200 هەزار کەس ئاوارە بوون، ئێستا 300 هەزار کەس لەناو گەڕەکەکاندا گەمارۆدراون و بەهۆی بڕینی کارەبا و هێڵەکانی پەیوەندییەوە، مەترسی کۆمەڵکوژییان لەسەرە.

ئاسایشی گەڕەکەکان دەڵێن، حکومەتی سووریا بۆ ماوەی 12 کاتژمێر بە 80 تانک و چەکی قورس و درۆنی خۆکوژ بۆردومانی کردوون، بەر لەوەی هێزە پیادەکانی لە سێ قۆڵەوە بجوڵێنێت. ئەوان حکومەتی دیمەشق بە بەرپرسیار دەزانن کە گفتوگۆی رەتکردووەتەوە و پەنای بۆ بژاردەی سەربازی بردووە.

ئەمریکا داوای راگرتنی دەستبەجێی شەڕ لە حەلەب دەکات

ئەمریکا داوای راگرتنی دەستبەجێی شەڕ لە حەلەب دەکات