زاخۆ
چوار ئۆتۆمبێل پیاوێکیان شێلا
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لەسەر رێگەی سەرەکیی دهۆک – زاخۆ، پیاوێکی تەمەن 58 ساڵ لە رووداوێکی هاتوچۆى دڵتەزێندا گیانی لەدەستدا، ئەوەش دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێک لێیداوە و هەڵاتووە، بەهۆی تاریکیی رێگەکە و خراپیی شوێنەکەوە، سێ ئۆتۆمبێلی دیکەش یەک لە دوای یەک بەسەر تەرمەکەیدا رۆیشتوون.
بەپێی گێڕانەوەی شایەدحاڵەکان بۆ 964، ئۆتۆمبێلی یەکەم دوای ئەوەی بە توندی کێشاویەتی بە پیاوەکەدا، بێوەستان هەڵاتووە و پیاوەکەی لە ناوەڕاستی رێگەکە جێهێشتووە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی شۆفێرەکانی دیکە بەهۆی تاریکییەوە نەیبینن و بەسەر جەستەیدا بڕۆن.
پزیشکی دادی زاخۆش ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە کە شوێنەواری زیاتر لە 3 ئۆتۆمبێل بەسەر جەستەی کەسەکەوە هەیە.
ئەحمەد رەمەزان، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ رایگەیاندووە کە رووداوەکە کاتژمێر 8:00ی ئەمشەو پێنجشەممە (8ی کانونی دووەمی 2026) روویداوە و پیاوەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
لە ئێستادا تەرمەکە رەوانەی پزیشکی دادی کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.
هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاری و وردبینیکردنی کامێراکانی چاودێرین بۆ ئەوەی ئەو شۆفێرە بدۆزنەوە کە یەکەمجار لێیداوە و پاشان هەڵاتووە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر