بە دەیان نامیان چاند
هەڵمەتی جیاجیای ژینگەیی لە سنووری قەزای دوکان بەڕێوەدەچێت
964+
فەرهاد حەسەن
رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە دڵخۆشە بەو هەڵمەتەی نەمام چاندن کە لە ئێستادا لە چەند شوێنێکی جیاوازی قەزای دوکان بەڕێوەدەچێت و دەڵێت ئەمە کاریگەری دەبێت لەسەر زیادبوونی رێژەی سەوزایی.
مەعروف مەجید، سەرۆکی رێکخراوەکە بە 964ـى وت، هەڵمەتەکان لە دوکان لەسەرەتای ئەمساڵەوە لەلایەن دۆستانی ژینگە دەستیان پێکردووە و بەردەوامی دەبێت.
لەلایەک ئەندازیار، ئەبوبەکر حەمە، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبای دوکان، لەگەڵ بەشێک لە فەرمانبەرەکانی هەستان بە روواندنی 200 نەمامی زەیتون لە نزیک وێستگەی کارەبا.
هەریەک لە نەژاد ئیبراهیم، کارزان عەلی، سەفین حەمەئەمین بە هەماهەنگی کۆمەڵێک گەنجی خۆبەخش و ژینگەدۆست لە بناری چیای سارا، هەستاون بە روواندنی چەند نەمامێک بە شێوەی خۆبەخشانە.
هەروەها عەبد دوکانی، کە ئەندامێکی رێکخراوەکەیانە لە سنوری دوکان و دۆڵی جافایەتی، بەشداری کرد لە چاڵێنچی لە ساڵی نوێدا نەمامێک دەچێنم، ئەویش بە چاندنی چەند نەمامێک بەشداری کردووە.
رێکخراوەکە سوپاسی هەر تاکێک دەکات کە لە هەر شوێنێکی کوردستان گرنگی بە ژینگە و پاراستنی و زیادکردنی رێژەی سەوزایی دەدات.