حەلەب

شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لەژێر ئاگردا؛ هەزاران کەس ئاوارە بوون

964+

وریا فەتاح

گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە پارێزگای حەلەب، یەکێک لە سەختترین شەپۆلەکانی ترس و ئاڵۆزیی ئەمنی بەڕێ دەکەن، بەهۆی توندبوونەوەی بۆردومانەکان، هەزاران مەدەنی بە ناچاری ماڵەکانیان جێهێشتووە و بەرەو چارەنووسێکی نادیار رادەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان لەژێر فشاری تۆپبارانی چڕ و بڵاوەپێکردنی هێزە ئەمنییەکاندا ئاوارە بوون.

وەک باسکراوە، لەسەر رێگەی حەلەب-عەفرین هەڵمەتێکی فراوانی دەستگیرکردنی گەنجانی ئاوارە دەستیپێکردووە، کە وەک “سزای بەکۆمەڵ” و ترساندنی خەڵکەکە وەسف دەکرێت.

روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ ئاشکراى کردووە،  گەڕەکە نیشتەجێبووەکان بە چڕی تۆپباران دەکرێن، بە تایبەت شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە.

“لە دەوروبەری شێخ مەقسوود و گەڕەکی بەنی زەید شەڕێکی سەخت لە ئارادایە، ناوچەکە بووەتە گۆڕەپانی جەنگ”، روانکەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ وا دەڵێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، خەڵک لە نێوان سێ بژاردەی مەترسیداردان کە ئەمانە (مانەوە لەژێر بۆردومان، دەستگیرکردن لە بازگەکان، یان ئاوارەبوونی زۆرەملێ).

ئەم گرژییانە مەترسییەکی گەورەی لەسەر ژیانی هەزاران خێزان دروستکردووە کە لە ئێستادا لە گەمارۆیەکی توند و دۆخێکی دەروونی خراپدا دەژین.

بە پێی زانیارییەكانی تەلەڤزیۆنی سكای نیوز عەرەبی، پێشبینیی دەكرێت لە كاتژمێرەكانی داهاتوو سوپای سوریای حكومەتی ئەحمەد ئەلشەرع هێرش بكاتە سەر گەڕەكە كوردییەكانی حەلەب و ئەگەری شەڕێكی گەورە هەیە.

شەوی رابردووش هێزەكانی سوریا گەڕەكە كوردییەكانی شاری حەلەبیان بۆردومان كرد و سێ هاوڵاتی گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەكیش بریندار بوون.

كوردانی گەڕەكە كوردییەكانی حەلەب ماڵەكانیان چۆڵ دەكەن

كوردانی گەڕەكە كوردییەكانی حەلەب ماڵەكانیان چۆڵ دەكەن